ئەمەریكا فەرماندەیەكی تری حەشدی شەعبی سزا دەدات

:: PM:09:33:13/01/2021 ‌

لە دوایین رۆژەكانی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی و لە چوارچێوەی  گوشارەكانی بۆ سەر ئێران و باڵەكانی لە ناوچەكە و ئەو كۆمپانیایانەی هاكاری ئەو وڵاتە دەكەن، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا فەرماندەیەكی تری حەشدی شەعبی و دوو كەس و 16 قەوارەی خستە لیستی سزاكانییەوە.
ترەمپ سوورە لەسەر سزادانی ئێران
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، ئەمڕۆ چوارشەم سزای بەسەر چەند كەسایەتییەكی سەر بە ئێران و 16 قەوارەدا سەپاندووە، لەوانە دوو رێكخراوی سەر بە نووسینگەی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئێران، كە بە قسەی ستیڤن منوچن، وەزیری گەنجینەكە یارمەتی سەرانی ئەو وڵاتە دەدەن بۆ مانەوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی "فارس"، هەریەك لە "ئاستان قودس رەزەوی" و پەیمانگەی "بەرەكات"، لەناو لیستی سزاكەدان، هەروەها لیستەكە ئەبو فەدەك محەمەداوی، سوپاسالاری حەشدی شەعبی و شوێنگرەوەی ئەبو مەهدی موهەندیسی تیادایە، ئەوەیش دوای ئەوەی بەر لە چەند رۆژێك فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی خرایە ناو لیستی سزاكانی وەزارەتەكە.

ئەو سزایانە لە چوارچێوەی بەردەوامی سیاسەتەكانی دۆناڵد تەرمپ، سەرۆكی ئەمەریكایە بە سەپاندنی ئەوەپەڕی گوشار بۆ سەر ئێران بۆ گۆڕینی رەفتارەكانی و گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی دوای ئەوەی ئەمەریكا دوای هاتنی ترەمپ لە رێككەوتنی 2015 پاشەكشەی كرد و بە هەنگاو سزاكانی بەسەر ئێران سەپاندەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل