ئه‌یاد عه‌نبه‌ر نووسه‌ری عێراقی له ماڵپه‌ڕی "
حوڕه"ی ئه‌مه‌ریكی وتارێكی به ناونیشانی "عێراق..گێڕانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، به گفتوگۆی سیاسی یان به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی؟" بڵاو كردووه‌ته‌وه و به ڕوونی باس له پێشێلكاری میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری عێراق ده‌كات و دووپات له‌وه‌یش ده‌كاته‌وه، كه كازمی سه‌ره‌ڕای بڕیاردان و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن، به‌ڵام ئه‌مانه ته‌نیا له چوارچێوه‌ی هه‌ڵوێست و لێدوان ماونه‌ته‌وه و هیچ ده‌رئه‌نجامێكیان لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه، تاكه چاره‌سه‌ریش بۆ مانه‌وه‌ی عێراق به هێرشی سه‌ربازی سوپا بۆ سه‌ر میلیشیاكان و مافیای سیاسی له به‌غدا ده‌زانێت.
له وتاره‌كه هاتووه، په‌یامی كۆتایی 2020 و سه‌ره‌تای 2021ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جیاوازبوو و ئه‌و گوتی، بڕیارمان داوه و كۆتایی هاتووه، پێشێلكاری بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌ت له ژێر هه‌ر ناونیشانێك بێ قبووڵكراو نییه، به‌ڵام به‌بێ هه‌ڵچوون ئه‌م كاره ده‌كه‌ین و به حیكمه‌ت و پشوودرێژییه‌وه مامه‌ڵه ده‌كه‌ین.
ئه‌و لێدوانه‌ی كازمی دژیه‌كی ته‌واوی تێدایه، له لایه‌كه‌وه دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه قبووڵی پێشێلكاری بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌ت ده‌كات، له هه‌مان كاتیش باس له حیكمه‌ت و ئارامی و خۆڕاگری ده‌كات، ئه‌م دوانه به‌یه‌كه‌وه ناگونجێن و ئامانجی یه‌كه‌م ئه‌زموون سه‌لماندوویه‌تی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به ئارامی و حیكمه‌ت و گفتوگۆ و دانیشتن و كۆبوونه‌وه نایه‌ته‌دی.
كازمی ته‌نیا به لێدوان و قسه باس له سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر میلیشیاكان ده‌كات
عێراقی دوای 2003 به هیچ شێوه‌یه‌ك ململانێ نه‌بوو له نێوان هێزه‌كان، به‌ڵكو توێژی سیاسی گرفتیان هه‌بوو و پرۆسه‌كه بۆ نێو جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵك نهگوێزرابووهوه، به‌ڵام ئێسته ململانێكه هه‌موو بواره‌كانی گرتووه‌ته‌وه و گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراق و گه‌یشتووه‌ته دووڕیانێك، كه ده‌وڵه‌تی عێراق و سه‌روه‌ری ده‌مێنێته‌وه، یان میلیشیاكان و سیاسییه‌كانی به‌غدا به ویستی خۆیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌وڵه‌ت هه‌ڵده‌سووڕێنن و هیچ سه‌روه‌رییه‌ك بۆ وڵاته‌كه ناهێڵنه‌وه، ئه‌وه‌ی كه هه‌یه زیاتر ده‌ركه‌وتن و جێگیربوونی بژاره‌ی دووه‌مه كه ڕۆژ دوای ڕۆژ به‌شێوه‌یه‌كی قووڵتر پێ داده‌كوتێ و ڕوونتر بۆ هه‌مووان خۆی نمایش ده‌كات.
له شه‌ڕی تیرۆر، كه ده‌رفه‌تێكی گرنگ بوو بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌ت و نه‌هێشتنی جیاكارییه‌كان، به‌ڵام ئه‌میش به مه‌زه‌وی كرا و ته‌نانه‌ت میلیشیاكان له‌كاتی به‌شداریان له هێرش بۆ سه‌ر ناوچه داگیركراوه‌كان، هێنده‌ی ئاڵای خۆیان و ئێران و وێنه‌ی خامنه‌ییان به‌لاوه گرنگ بوو، هێنده بایه‌خیان به ئاڵای عێراق نه‌ده‌دا، كه ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌كی ڕوونی شكستی ده‌وڵه‌ت بوو له عێراق، له شوێنی ئه‌وه‌ی ببێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و نه‌هێشتنی پێشێلكارییه‌كان.
مافیاكانی سیاسی له به‌غدا به به‌رده‌وامی چه‌مكی ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ری و یه‌كێتی و یه‌كگرتووی عێراق ده‌ڵێنه‌وه، به‌ڵام خۆیان هۆی سه‌ره‌كی و یه‌كه‌می شكستی ده‌وڵه‌تن له عێراق، به دڵنیاییه‌وه بوونی ده‌وڵه‌ت له عێراق، واته ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی مافیاكان كه له دوای 2003ه‌وه به ملیاران دۆلاری داهات و گه‌نجینه‌ی گشتیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كارهێناوه و هه‌موو جیهان باسی لێوه ده‌كات.
به گشتی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌تێكی خاوه‌ن بڕیار و بوێر، واته بوونی به‌هه‌شتێك بۆ مافیاكانی سیاسی له به‌غدا، ئه‌وان به ڕوونی هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن، كه ده‌وڵه‌تی به‌هێز و حكوومه‌تی خاوه‌ن ئیراده به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵی هه‌ژموون و پێگه‌ی ئه‌وان ناكات به‌سه‌ر سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی ژیان له عێراق، كه بۆ سوودی خۆیان به‌كاری ده‌هێنن و كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرن.
جیا له ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی دژی میلیشیاكان بژارده‌یه‌كی تر نییه بۆ ڕزگاركردنی عێراق
ده‌وڵه‌ت به واتای به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كان و پاراستنی كه‌رتی گشتی و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی و به‌رگریكردن له سه‌روه‌ی خاك و ئاسمان و سنووره‌كان، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئێسته ئه‌و بوارانه ته‌نیا له وتاره‌كانیان ده‌ڵێنه‌وه و بوونه‌ته مافیایه‌كی دووڕوو و له گفتوگۆ و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان خۆیان به پارێزه‌ری ئه‌و سێكته‌رانه ده‌زانن و داوای به‌هێزكردنی یاسا و حكوومه‌ت و پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق ده‌كه‌ن، كه‌چی له ژێره‌وه بوونه‌ته خۆره به گیانی دامه‌زراوه‌كانی عێراق و هێنده‌ی تر دامه‌زراوه‌كانیان لاواز كردووه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و حزبی خۆیان به‌كاریان ده‌هێنن.
ئێسته ململانێكه له‌سه‌ر پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق و به‌هێزكردنی نییه، به‌ڵكو لایه‌نه‌كانی عێراق له به‌غدا كێبه‌ركێیان له‌سه‌ر پاره و بازرگانی و چه‌ك و كورسی په‌رله‌مانه، ئه‌وان به‌م سێ شته ڕووبه‌ڕووی هه‌ر حكوومه‌تێك ده‌بنه‌وه، كه بیه‌وێ ده‌وڵه‌ت به‌هێز بكاته‌وه و ڕووبه‌ڕووی گرووپه لاده‌ره‌كان له یاسا و ده‌ستوور ببێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه له به‌رانبه‌ر هه‌موو حكوومه‌تێك ئه‌م سێ چه‌كه كاریگه‌ری خۆی داناوه و فشاری گه‌وره‌ی پێ دروستكراوه و حكوومه‌ته‌كان و سه‌رۆكه‌كانی ناچاركراون كه ده‌سبه‌رداری به‌ڵێنه‌كان بن كه به هاووڵاتییانیان داوه، بۆ نه‌هێشتنی پێشێلكارییه‌كان و دیارده‌ی كوشتن و تاوانه زۆره‌كان كه له شه‌قامه‌كانی به‌غدا و شاره‌كانی تری باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق ڕۆژانه ڕوو ده‌ده‌ن، باشترین بژاره بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و هه‌موو گرفته ئاڵۆزه، ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی سه‌ربازییه له‌گه‌ڵ ئه‌و میلیشیا و گرووپانه، نه‌ك گفتوگۆكردن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان به ئارامی و حه‌كیمانه.