نەوت بەسەر حەوت هەزار و 700 خێزانی هەژار و كەمدەرامەت دابەش دەكرێت

:: AM:08:56:14/01/2021 ‌
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، نەوت بەسەر حەوت هەزار و 700 خێزانی كەمدەرامەتی دەڤەری سۆران دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی كانوونی دووەم، یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیار دراوە نەوت بەسەر حەوت هەزار و 700 خێزان بە بڕی یەك بەرمیل بە هەژار و كەمدەرامەتەكانی سنووری سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر و ڕواندز دابەش بكرێت.

بەڕێوەبەری گشتی گوتی، ئەو نەوتە هاوشێوەی هەولێر و كۆیە، لەلایەن كۆمپانیای كار دابین كراوە.

باسی لەوەش كرد، پێوەری دەستنیشانكردنی خێزانەكان لەسەر بنەمای هێڵی هەژاری دەبێت، واتە هەر خێزانێك كە داهاتی مانگانەی لە 400 هەزار دینار كەمتر بێت و توانای دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانی خۆی وەك خۆراك، جلوبەرگ و شوێنی حەوانەوەی نەبێت، بە تایبەت منداڵانی بێ سەرپەرشت، بێوەژنان، كەمئەندامان، كرێكاران، بێ كاران، كرێچییان خێزانەكانی بەندكراوان كە داهاتی مانگانەیان كەمترە لە 400 هەزار دینار، لەو هاوكارییە سوودمەند دەبن.

ڕاگەیاندنی ئەم هاوكارییە بۆ سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر و ڕواندز، لە كاتێكدایە كە پێشتر ئەم هاوكارییە بەسەر 23 هەزار خێزانی هەژار و كەمدەرامەتی ناوەندی هەولێر دابەش كراوە.



وشە - رامیار جەواد