ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رای ده‌گه‌یه‌نێت، له پڕۆژه‌یاسای بودجه بڕگه‌یه‌كمان زیاد كردووه كه پێوه‌سته به هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆیه‌وه پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه زیاد ده‌كرێت.
جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به "وشه"ی راگه‌یاند، گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 به‌رده‌وامیی هه‌یه، ئێسته تا ماده‌ی 16 گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه و هه‌ندێ كه‌م و زیاد له ماده‌كان كراوه.
ده‌بێ له په‌رله‌مانه‌وه ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت
ڕوونی كرده‌وه، ئه‌وه‌ی پێوه‌سته به كورده‌وه، بڕگه‌یه‌كه له پڕۆژه‌یاساكه زیاد كراوه كه رێژه و پشكی كورد له پڕۆژه‌یاساكه به‌پێی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان بێت، به‌و جۆره‌ی له وه‌زاره‌تی پلاندانان هه‌یه، ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندیی كورددایه و پشكی كورد به‌پێی رێژه‌ی ژماره‌ی دانیشتووان زیاد ده‌بێت كه ئێسته له سه‌دا 13,67ی بۆ دیاری كراوه، ئه‌وكات پشكی كورد زیاد ده‌كات، به‌ڵام ده‌بێ له په‌رله‌مانه‌وه ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.
هه‌روه‌ها ڤیان سه‌بری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به "وشه"ی راگه‌یاند، له‌سه‌ر پرسی بودجه و پشكی كورد به‌رده‌وام له هه‌وڵداین بۆ رێككه‌وتن، لێكتێگه‌یشتنی باش له‌سه‌ر ماده‌كانی 10 و 11 كه پێوه‌ندیی به هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه، دروست بووه.
به‌پێی هه‌ندێ زانیاری كه ده‌ست "وشه" كه‌وتووه، له‌دوای زیادكردنی ئه‌و بڕگه‌یه كه پشكی كورد به‌پێی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان بێت، کەواتە پشكی كورد له بودجه‌ی 2021 بۆ نزیكه‌ی 14% زیاد ده‌كرێت، به‌مه‌ش پاره‌یه‌كی زیاتر بۆ هه‌رێمی كوردستان جێگیر ده‌كرێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی