دوای شكستی براڤۆ.. گواردیۆلا رووی بەرەو گۆڵپارێزی ئینتەر میلان وەردەگێڕێ

:: AM:11:16:23/02/2017 ‌

یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی دەستی هەنگاوەكان كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەی گۆڵپارێزەكانی دوای ئەو ئاستە خراپەی كلاودیۆ بڕاڤۆی گۆڵپارێزی چیلی لە ماوەی رابردوودا پێشكەشی كردبوو.

براڤۆ هاوینی رابردوو بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 20 ملیۆن یۆرۆ بوو لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی پەیوەندی بە یانەی مانچستەر سیتییەوە كرد، بەڵام نەیتوانی ئاستێكی شایستە لەگەڵ یانەكەدا پێشكەش بكات و رەنگە بۆ هاوینی داهاتوو ریزی یانەكە جێبێڵێ.

رۆژنامەی (كالچیۆ میركاتۆ)ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە: پیپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی داوای لە بەرپرسانی یانەی مانچستەر سیتی كردووە هەوڵەكانی دەست پێ بكەن بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ سەمیر هاندانۆڤیچی گۆڵپارێزی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی.

ئەو گۆڵپارێزە سلۆڤینییە چەندان داوای بەرپرسانی یانەی ئینتەر میلانی رەت كردووەتەوە سەبارەت بە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی كە لە هاوینی 2019 كۆتایی دێت.

دەگوترێ هۆكاری سەرەكی رەتكردنەوەی هاندانۆڤیچ سەبارەت بە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ئینتەر میلان ئەوە بووە كە داوای كردووە مووچەیەكی زەبەلاحی پێ بدەن و هەروەها هۆكارێكی تریش سەرنەكەوتنی یانەكە بووە بۆ خولی یانە پاڵەونەكانی ئەوروپا.

جێی باسە جگە لە یانەی مانچستەر سیتی، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانیش پێشتر ئاشكرای كردبوو كە گرینگی بە گرێبەستكردن لەگەڵ هاندانۆڤیچ دەدات بۆ شوێنگرەوەی یان ئۆبلاك كە نزیكە وەرزی داهاتوو ریزی یانەكەی جێبێڵێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م