ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستی به جموجووڵێكی سیاسیی له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كردووه، ته‌نیا له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو زیاتر له 10 كۆبوونه‌وه‌ی سیاسیی ئاشكرا له هه‌ولێر و به‌غدا كراوه.
پارتی دیموكراتی كوردستان كه گه‌وره‌ترین حزبی سه‌ر ئاستی عێراقه، ئێسته هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ڕێكخستنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی له هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌كات و ده‌یه‌وێ بۆ داهاتوو هه‌نگاوی رژد له یه‌كڕیزی و پێوه‌ندی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان ببینرێ.
له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو شاندێكی پارتی به سه‌رۆكایه‌تی د. رۆژ نووری شاوه‌یس و هۆشیار زێباری ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی، له به‌غدا بوون و چه‌ندان كۆبوونه‌وه‌ی سیاسی‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رانی ئه‌وێ ئه‌نجام داوه.
پارتی له‌سه‌ر ئاستی عێراق گه‌وره‌ترین حزبه
هاوكات شاندێكی هه‌مان حزب له كوردستان سه‌ردانی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانیان به ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌وه كردووه.
پارتی بۆ عێراق و هه‌رێم
ئێسته كه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق نزیك بووه‌ته‌وه و واده‌ی به‌ستنی هاوپهیمانییهتیش بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌وه راگه‌یه‌نراوه، پارتی ئامانجی ئه‌وه‌یه یه‌كڕیزییه‌ك له‌ناوخۆی كوردستان دروست ببێت و ده‌ستی هاوپه‌یمانییه‌تی بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كان درێژ كردووه.
پارتی له‌سه‌ر ئاستی عێراق گه‌وره‌ترین حزبه، ئه‌وه‌یش به هێمایه‌كی گرنگ داده‌نرێ ئه‌و حزبه ده‌یه‌وێ بۆ دۆخی ناوخۆی یه‌كڕیزی كورد له به‌رانبه‌ر هه‌ر به‌ره‌نگارییه‌كی به‌غدا دروست بكات، به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، بۆ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ته به پله‌ی یه‌كه‌م پارتی ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانی بێت كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانن، دواتریش هه‌نگاوه‌كانی فراوانتر ده‌بێت بۆ حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی تر.
عه‌لی حوسێن به‌رپرسی پێوه‌ندییه نیشتمانییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشه" گوتی، پارتی مه‌به‌ستیه‌تی یه‌كڕیزیی له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان دروست بكات. ئه‌و پێی وایه كه خاڵی هاوبه‌شی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان زۆرن و پێویسته كۆ بكرێنه‌وه.
به‌بڕوای ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی كه هه‌ر تێبینی و ڕه‌خنه‌یه‌ك هه‌بێ له‌سه‌ر دۆخی ناوخۆ، ده‌توانرێ به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێ.
به‌پێی قسه‌ی شاره‌زایانی سیاسیی له هه‌رێمی كوردستان، پێده‌چێ پارتی له‌و جموجووڵه‌ی ئه‌مجاره‌ی دوو ئامانج بپێكێ كه یه‌كڕیزی ناوخۆیی دروست بكات، هاوكات بۆ به‌غدایش زه‌وینه‌ی باشتر بڕه‌خسێ تا كێشه‌كان له دوای هه‌ڵبژاردن له نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن.
ئامانج عه‌لی چاودێری سیاسیی، بۆ "وشه" گوتی، پارتی له‌و گه‌ڕه سیاسییه‌ی ده‌ستی پێ كردووه، هه‌نگاوی گرنگ ده‌نرێ، چونكه له‌م قۆناغه‌دا كوردستان پێویستی به یه‌كڕیزیی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان هه‌یه.
ڕوونیشی كرده‌وه كه ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان هاوكار بن، ده‌توانرێ له دوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق، كوردستان ببرێته قۆناغێكی تر.
هێشتا هیچ گره‌نتییه‌ك نییه
پارتی كه هێزێكی یه‌كگرتووی كوردستانه و وه‌ك به‌رپرسانیان ده‌ڵێن، به‌رپرسیاریه‌تییان له‌سه‌ر شانه و له ماوه‌ی ڕابردوو رووبه‌ڕووی چه‌ندان ڕه‌خنه بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێسته جارێكی تر بۆ پاراستنی یه‌كڕیزی و ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردستان ده‌ستیان به‌و جووڵه‌یه كردووه.
بۆچوونی لایه‌نه سیاسییه‌كان
له ماوه‌ی ئه‌و سه‌ردانانه‌ی پارتی بۆ لای لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، به‌شێكی زۆری لایه‌نه‌كان پێ‌داگر بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌رانبه‌ر به‌غدا یه‌ك تیم و یه‌كده‌نگ بن، به‌ڵام له به‌رانبه‌ردا مه‌رجی باشتركردنی ره‌وشی ناوخۆی كوردستانیان هه‌بووه.
"وشه" زانیویه‌تی، له‌و سه‌ردانانه پارتی به‌ڵێنی باشتركردنی ره‌وشی ناوخۆی كوردستانی داوه، نموونه‌یشی به ئه‌نجامدانی چاكسازی له هه‌رێمی كوردستان هێناوه‌ته‌وه. پارتی به لایه‌نه‌كانی راگه‌یاندووه كه ئه‌وه پرۆسه‌یه‌كی چاكسازی له كوردستان ده‌ستی دراوه‌تێ و پێویسته هه‌مووان هاوكاری حكوومه‌ت بین بۆ سه‌رخستنی و باشتركردنی ره‌وشی ناوخۆی كوردستان.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه پشكی سه‌ره‌كییان له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی چاكسازین و هاوكاری یه‌كڕیزی ناوخۆیش ده‌كه‌ن. وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیكی كۆبوونه‌وه‌كان به"وشه"ی ڕاگه‌یاند. به‌ڵام هێشتا هیچ گره‌نتییه‌ك نییه كه ئه‌و ئامانجه‌ی پارتی بۆ یه‌كڕیزی و باشتركردنی ره‌وشی كوردستان به‌پێی خواستی ئه‌و حزبه بێته دی.