یەكێتی وەبەرهێنەران: سەرۆكی حكوومەت راستەوخۆ سەرپەرشتی چاكسازی كەرتی وەبەرهێنان دەكات

:: PM:04:56:14/01/2021 ‌

یەكێك لەو كەرتانەی چاكسازی تیادا دەكرێ كەرتی وەبەرهێنانە، ئەو كەرتە لەماوەی رابردوودا كێشەی زۆر بووە، لەوانە چارەسەركردنی رۆتین و ئەوانەی بە پلەی حزبی و حكوومی زەوییان وەرگرتووە بە ناوی وەبەرهێنان و بۆ مەبەستی تر بەكاریان هێناوە، چارەسەر دەبێ و چیتر بەو شێوەیە نامێنێت.
چیتر كەرتی وەبەرهێنان بۆ بەرژەوەندی وەبەرهێنەران نابێت
لە ساڵانی رابردوو كەرتی وەبەرهێنان لە هەرێم تا رادەیەك كێشەی هەبووە، لەپاڵ ئەوەدا گەندەڵییەكی زۆر كراوە، لەوەی بە سەتان دۆنم زەوی بە كەسانی پلەدار دراوە و هیچ پڕۆژەیەكی لەسەر جێبەجێ نەكراوە و فرۆشراوە، بۆیە سەرۆكی حكوومەت دەیەوێ كۆتایی بەوانە بێنێ و خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی چاكسازی كەرتی وەبەرهێنان دەكات.

مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە چوارچێوەی چاكسازییەكاندا، چاكسازی گشتگیر لە كەرتی وەبەرهێناندا دەكرێ و چیتر وەك رابردوو نابێت، سەرۆكی حكوومەت خۆی راستەوخۆ بەشداریی چاكسازی كەرتی وەبەرهێنان دەكا و دەیەوێ بە باشترین شێوەی كەرتی وەبەرهێنان راست بكاتەوە لەوەی پێشوو كراوە.

زیاتر گوتی، چیتر سەرۆكی حكوومەت رێگە بەوە نادا بەرپرسان لە رێگەی كوڕ و كۆمپانیاكانیان بە سەتان پڕۆژە وەربگرن بە ناوی وەبەرهێنانەوە و جێبەجێی نەكەن و بۆخۆیان بەكاری بێنن، چیتر كەرتی وەبەرهێنان بۆ بەرژەوەندی وەبەرهێنەران نابێت.

مەحموود روونی كردەوە، وەبەرهێنان بۆ گۆڕینی ئاراستەی بیركردنەوە لە سەرچاوەی دارایی هەرێمی كوردستان لە وزەوە بۆ كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی دەبێت، رێگری دەكرێ بەرپرسان بەناوی وەبەرهێنانەوە زەوی وەربگرن، چیتر مەسروور بارزانی رێگە نادات حكوومەت ناشیرین بێ و كەسانێك كە خاوەنی چەندان پڕۆژەن و لەولایشەوە بڵێن حكوومەتەكەمان گەندەڵە.

لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر گرنگی بە پڕۆژە كشتوكاڵی و پیشەسازی و گەشتوگوزارییەكان دراوە، بۆ ئەوەی ئەو سێ كەرتەیش شانبەشانی كەرتی وزە پێش بكەون و لە ڕووی داهاتەوە سەرچاوەكان هەمەجۆر بن، هەروەها كارئاسانی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران كراوە تا تووشی كێشە و رۆتین نەبنەوە.

لای خۆیەوە ئەندازیار عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، چاكسازی لە كەرتی وەبەرهێنان پێوەستە بە ریكخستنەوەی كار و پرۆژەكان، هەروەها ئێستە خەریكی دانانی پلانین بۆ ساڵی 2021، هەوڵ دەدین لەپێناو زۆرترین پڕۆژە كاری رۆتین و بەربەست نەهێڵێن و كاری وەبەرهێنان رێك بخرێتەوە.

لە ماوەی رابردوودا بەشێك لە وەبەرهێنەران زەوی و پڕۆژەیان بۆ دەرچوو بوو، بەڵام بەشێكیان كاریان لەسەر زەوییەكان نەكردبوو، دواتر بریار دەرچوو ئەوانەی كاریان نەكردبوو، زەویان لێ وەرگیرایەوە، بەڵام لە چاكسازییەكەی كابینەی نۆیەم چیتر رێگە بە كەس نادرێ یاری بە پڕۆژەكان و زەوییەكان بۆ بەرژەوەندی خۆی بكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل