حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆمپانیاكانی گه‌یاندن ملكه‌چی دانی باج ده‌كات و پێویسته ئه‌و باجه‌ی ده‌یده‌نه حكوومه‌تی عێراق، له داهاتوویه‌كی نزیكدا بیده‌نه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 17ی كانوونی دووه‌م، كاروان ره‌زا به‌ڕێوه‌به‌ری پێوه‌ندییه‌كان له وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ "وشه" گوتی، دوای بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ وه‌رگرتنی باج له كۆمپانیاكانی پێوه‌ندیكردن كه ئێسته ئه‌وان خۆیان باج له عێَراق ده‌ده‌ن، داوایان لێ ده‌كرێت باج له هه‌رێمی كوردستان بده‌ن، چونكه دوو جۆره باج ناده‌ن.
له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه له عێراق باج بده‌ن، پێویسته له هه‌رێمی كوردستان باج بده‌ن
ڕوونیشی كرده‌وه كه ئه‌و لایه‌نه ڕێكده‌خرێته‌وه و له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه له عێراق باج بده‌ن، پێویسته له هه‌رێمی كوردستان باج بده‌ن، له‌وباره‌یشه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ ده‌كه‌ین.
وه‌ك دووپاتی كرده‌وه كه چاوه‌ڕێ ده‌كرێ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێنوێنی بۆ ئه‌و پرسه ده‌ربكات.
هه‌فته‌ی ڕابردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌ك رێنوێنی به‌مه‌به‌ستی ڕێكخستنه‌وه‌ی سیستمی باج له هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد و به‌پێی ڕێنوێنییه‌كه پێویسته ته‌واوی كۆمپانیاكان باج بده‌ن.
هه‌ولێر/ بڵند ئیبراھیم