پەرلەمانتارێك: پشكی كورد لە بودجەی عێراق رەت نەكراوەتەوە

:: PM:05:30:17/01/2021 ‌

كۆتایی مانگی رابردوو پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە رەوانەی پەرلەمان كرا، لە هەفتەی رابردووەوە پەرلەمان دەستی بە خوێندنەوەی پڕۆژەكە كرد و دوێنێ لە گفتوگۆكردنی تەواو بوو، ئەندامێكی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رەتی كردەوە پشكی كورد لە بودجەكە لە لیژنەی داراییەوە رەت كرابێتەوە.
ناڕەزایەتی زۆر بەرانبەر بە خەرجییەكانی ناو پڕۆژەكەدا هەیە
شێروان میرزا، پەرلەمانتاری كورد روونی كردەوە، لیژنەی دارایی پشكی كوردی لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 رەت نەكردووەتەوە و ئێستە هەموو بەشەكانی پڕۆژەكە لەلایەن لیژنەی دارایی لە گفتوگۆكردندان و هیچ رەتكردنەوە یان لاریبوون لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان نییە، هەڵوێستی لیژنەكە تەنیا پێوەستە بە پابەندییەكانی سەر حكوومەتی هەرێم و مسۆگەریی جێبەجێكردنیانە بە تەواوەتی.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، تا ئێستە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2021 گفتوگۆی لەسەرە كە رەنگە هەفتەیەكی تریش درێژ بكرێتەوە بەر لەوەی لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە، چونكە ناڕەزایەتییەكی زۆر بەرانبەر بە بەشەكانی خەرجی گەورەی ناو پڕۆژەكەدا هەیە. 

شایەنی باسە پێشتر عەقیل ردێنی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "نەسڕ"، بوجەی 20201ی بە مشتومڕدار وەسف كرد بەوەی ژمارەی زۆر گەورەی لەخۆ گرتووە و روونی كردەوە كە چەند فراكسیۆنێكی گەورە لەگەڵ سەرۆك وەزیران بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەكە رێككەوتوون، كاتێك كۆبوونەوەیەك لە نێوان حكوومەتی نوێنەری هێزە سیاسییەكان كراوە، بەڵام نەگەیشتوون بە رێككەوتن، كەچی دوای چەند رۆژێك باسی ئەوە دەكەن كە ئەوان بۆ تێپەڕاندنی رێككەوتوون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌