سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ كونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە

:: PM:01:44:20/01/2021 ‌
 سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ نوێنەری سەرجەم وڵاتان لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی ئەنجام دا، تێیدا تیشكی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم و پێوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی كانوونی دووەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كونسوڵ و نێردە و دیپلوماتیی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكوومەت تیشكی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم و پێوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی . 

سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان، بەردەوام كاری كردووە بۆ ئەوەی باشترین پێوەندی لە گەڵ حكوومەتی فیدراڵی هەبێت، هەموو كێشەكان بە شێوەیەكی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن . بۆ ئەم مەبەستەش هەموو پابەندبوونەكانی خۆی جێبەجێ كردووە بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێككەوتنێك كە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

سەرۆكی حكوومەت دووپاتی لەوە كردەوە كە پێویستە بابەتی مووچە دوور بخرێتەوە لە ململانێی سیاسی، نابێت مووچە بكرێتە كارتێكی فشار لە دژی هەرێمی كوردستان  و سیاسەتی برسیكردن لە دژی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەكار بهێنرێت.

مەسروور بارزانی لە بەشێكی كۆبوونەوەكە ئاماژەی بە كارنامەی حكوومەتی هەرێم دا بە ئاراستەی هەمەجۆركردنی ئابووری و زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات، كەمكردنەوەی خەرجییەكان، ڕێكخستنەوەی باجەكان و ئاسانكاریكردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ .  گوتی هەموو هەوڵێكمان خستووەتە گەڕ لە پێناو دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. 

سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان، فاكتەرێكی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەكە و خوازیاری پێوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پێوەندییە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئاماژەشی بە گرنگیی بەردەوامبوونی هاریكاریكردن و هاوئاهەنگیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی تیرۆر. 



وشە - رامیار جەواد