جۆ بایدن 17 بڕیاری گرنگی دەركرد

:: AM:10:55:21/01/2021 ‌
جۆ بایدن سوێندی یاسایی خوارد و لە یەكەم سەعاتی كاركردنی لە كۆشكی سپی، 11 بڕیاری نوێی دەركرد كە راستەوخۆ جێبەجێ دەكرێن. بەشێك لەو بڕیارانە گەڕانەوە بۆ بڕیارەكانی پێشتر بوو كە ترەمپ هەڵی وەشاندبوونەوە.

گەڕانەوە بۆ پەیماننامەی پاریس لە بواری ژینگە و هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی ترەمپ بۆ رێگریكردن لە گەشتی هاووڵاتییانی چەند وڵاتێكی مسوڵمان  و گەڕانەوە بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانیی لە گرنگترین بڕیارەكانی بایدنن.

نۆ فەرمانیان پێوەندیدارە بە هەڵوەشانەوە و گۆڕینی بڕیارەكانی حكوومەتی پێشووی ئەمەریكا


لەو 17 فەرمانەی بایدن دەری كردوون نۆ فەرمانیان پێوەندیدارە بە هەڵوەشانەوە و گۆڕینی بڕیارەكانی حكوومەتی پێشووی ئەمەریكا. بایدن بەر لە واژووكردنی بڕیارەكان گوتی "ئێمە دووبارە پەیمانمان لەگەڵ وڵاتانی دنیا نوێ دەكەینەوە و پێوەندییەكانمان بەهێز دەكەینەوە."

جۆ بایدن رۆژی چوارشەم وەك 46ەمین سەرۆكی ئەمەریكا سوێندی یاسایی خوارد. یەكەم بڕیار كە ئەو واژووی لەسەر كرد، ئەوەبوو لە تەواوی دامەزراوەكانی حكوومەتی ئەمەریكا دەبێ هەموو كەسێك سوود لە دەمامك وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەم پەتایە كۆنترۆڵ بكرێت.

دووەم بڕیاری بایدن لەبارەی یەكسانی نەژادی و پاڵپشتیكردنی پێكهاتە و كۆمەڵ و گرووپە هەژارەكانی ئەمەریكایە. ئەو هەروەها لە سێیەم بڕیاریدا ئەمەریكای بۆ پەیمانی پاریس گەڕاندەوە كە تایبەتە بە ژینگە.
بە بەشداری نوێنەرانی 196 وڵاتی دنیا واژوو كرابوو.

لە ساڵی 2017 بە فەرمانی ترەمپ ئەمەریكا لەم پەیماننامەیە هاتبووە دەرەوە. پەیماننامەكە بە هەوڵی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشتری ئەمەریكا بە بەشداری نوێنەرانی 196 وڵاتی دنیا واژوو كرابوو. ئامانجی پەیماننامەكە بریتییە لە پاكڕاگرتنی ژینگەی زەوی و رێگریكردن لە زیاتر تەشەنەی گازە ژەهراوییەكان و رێگریی لە زیاتر گەرمبوونی زەوی.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، بایدن لە كاتی واژووكردنی ئەم بڕیارەش گوتی، بە شێوەیەك رووبەڕووی هۆكارەكانی پیسكردنی ژینگە دەبنەوە كە تا ئێستە نەیانكردووە و بە پێی ئەو پلانانەی كاری لەسەر دەكەن، تا ساڵی 2050 ئابووری ئەمەریكا ئابوورییەك دەبێت كە بە تەواوی خۆی لەگەڵ ژینگە دەگونجێنێت.

30  رۆژ دوای واژووكردنی پەیمانەكە لە لایەن بایدن، ئەندامێتییەكە لە لایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پەسند دەكرێت.

بایدن دەرهێنانی نەوت لە ناوچەی ئالاسكای قەدەغە كرد


هەر لە بڕیارێكی تردا كە پێوەندیدارە بە ژینگە، بایدن دەرهێنانی نەوت لە ناوچەی ئالاسكای قەدەغە كرد و رێش لەوە دەگرێت راكێشانی هێڵی نەوتی كێی ستۆن لە كەنەداوە درێژەی هەبێت.

 ئەم بڕیارە جێی نیگەرانی جستین ترۆدۆ سەرۆك وەزیرانی كەنەدایە كە خوازیاری جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بوو. ئەو گوتی دڵی بەو فەرمانەی ترەمپ خۆش نییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بۆ پاراستنی ژینگە هاوكاری بایدن دەكات.

لە دواین مانگەكانی دەسەڵاتیدا، دۆناڵد ترەمپ دەستەیەكی دامەزراندبوو كە ئەركی ئەوە بوو لە قوتابخانەكانی ئەمەریكا قوتابیان فێری نیشتمانپەرستی بكەن، بەڵام ئەم دەستەیەش لە لایەن بایدن هەڵوەشایەوە.

پێویستە بگوترێت ترەمپ هەر لە ژێر ئەم ناوە بەتەمایە پارتێكی نوێ لە ئەمەریكا دابمەزرێنێت، دوێنێ چوارشەمیش لە پەیامێكدا كە ئاراستەی جۆ بایدنی كرد، ئاماژەی بەوە دابوو بزووتنەوەكەی تازە دەستی پێ كردووە.
هەموو ئەو لەمپەر و رێگرییانە هەڵبوەشێنێەوە كە بۆ گەشتی هاووڵاتییانی كۆمەڵێك وڵاتی مسوڵمان دانراون

سەرۆكی ئەمەریكا هەروەها بڕیاری دا هەموو ئەو لەمپەر و رێگرییانە هەڵبوەشێنێەوە كە بۆ گەشتی هاووڵاتییانی كۆمەڵێك وڵاتی مسوڵمان دانراون، یەكێك لەو وڵاتانە ئێران بوو. ئامانجی ترەمپ لە رێگریكردن لە گەشتی ئەو هاووڵاتییانە، رێگریكردن لە هاتنی تیرۆریستە ئیسلامخوازەكان هەژمار كردبوو.

لە لیستی ئەو وڵاتانەی بەربەست بۆ گەشتكردنیان دانرابوو، عێراق، سووریا، یەمەن، لیبیا، سوودان، سۆماڵ و ئێران جێیان كرابووەوە، بەڵام دواتر ئەمەریكا عێراقی لە لیستەكە هێنایە دەرەوە. دواتر ناوی سوودانیش لە لیستەكە هێنرایە دەرەوە، بەڵام وڵاتانی چاد، كۆریای باكور و ڤەنزوێلای پێوە زیاد بوو.

فەرمانەكەی ترەمپ لە ناوخۆی ئەمەریكاش ناڕەزایەتییەكی زۆری بەدواوە بوو و دوای دوو ساڵ و تەنانەت بەرزكردنەوەی هەندێك سكاڵا، دادگای باڵای ئەمەریكا ناچار بوو تا ئاستێك بڕیارەكە هەموار بكاتەوە و لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانیی دووبارە بڵاوی بكاتەوە.

هەر لە بڕیارێكی تردا ئەمەریكا بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانیی گەڕایەوە كە ترەمپ بڕیاری چوونەدەرەوەی دابوو و تەنانەت بەرپرسانی رێكخراوەكەی بە گەندەڵیی تۆمەتبار كردبوو.
ئەمڕۆ پێنجشەم بە نوێنەرایەتی ئەمەریكا بەشداری لە كۆبوونەوەی رێكخراوەكە دەكات.

 ئەنتۆنی فاوچی كە لە سەردەمی ترەمپدا بەرپرسی باڵاترین دامەزراوەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بوو، هەر لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە و لە دوای گەڕانەوەی ئەمەریكاش بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانی، ئەمڕۆ پێنجشەم بە نوێنەرایەتی ئەمەریكا بەشداری لە كۆبوونەوەی رێكخراوەكە دەكات.

هێشتا زۆر بڕیار هەن كە ترەمپ دەری كردوون و بایدن پێیان رازی نەبووە. یەكێك لەو بڕیارانە هاتنەدەرەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكی بووە، بایدنیش لە بانگەشەكانی هەڵبژاردندا گوتبووی بۆ رێككەوتنەكە دەگەڕێتەوە. هێشتا دیار نییە بە چ رێكارێك ئەمەریكا دووبارە لەگەڵ ئێران دەست بە هاوكاری دەكاتەوە. 



وشە - سلێمان تاشان