گۆڕانكاری لە ئەرك و مافە داراییەكانی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەکرێت

:: PM:03:47:21/01/2021 ‌
پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لە پەرلەمانە و لیژنەی داراییش خەریكی تاوتوێكردن و هەمواركردنی پڕۆژەكەیە و دەیەوێت بۆ دەنگدان ئامادەی بكات. ئەندامانی كوردی لیژنەكە پێشبینی دەكەن گۆڕانكاری لەو ئەرك و مافە داراییەكانی كوردستاندا بكرێت، تا كۆتایی هەفتەی داهاتوو تاوتوێكردنی پڕۆژەكە بۆ مەبەستی دەنگدان تەواو بكرێت.

پڕۆژەكە كاتێك لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە پێشكەشی پەرلەمان كرا، تا ئاستێك جێی رەزامەندی كورد بوو  و كورد ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بەپێی پڕۆژەكە، ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات و لە بەرانبەردا مافە داراییەكانی وەربگرێت، بەڵام ئەو پڕۆژەیە مەرج نییە هەر بەو شێوەیەی لە لایەن حكوومەتەوە پێشكەش كراوە بخرێتە دەنگدانەوە.

قەبارەی بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021ی عێراق، بە زیاتر لە 164 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە. هەر بە پێی پڕۆژەكە، دەبێت شایستە داراییەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لە 2014 ەوە یەكلا بكرێنەوە.

هەرێمی كوردستان دەبێ رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات


لە پڕۆژەكەدا ئەو ئەركە خراوەتە سەرشانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەستی عێراق بكات.

شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" ئاماژەی دا، پڕۆژەی بودجەكە گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و تا هەفتەی داهاتووش لە رێكخستن و هەمواركردنی پڕۆژەكە بەردەوام دەبن.

وەك زیاتر خستیەڕوو، لیژنەكەیان بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دەستەكان، پڕۆژەكە زیاد و كەم دەكرێت و پێشبینیشی كرد هەفتەی داهاتوو تەواو بكرێت.

وەزارەت و دەستە و لایەنەكان ئەوەی كردوویانە زیاتر بەرزكردنەوەی بارگرانی بووە لەسەر بودجە


ئەو دەڵێت زۆر لە وەزارەت و دەستە و لایەنەكان ئەوەی كردوویانە زیاتر بەرزكردنەوەی بارگرانی بووە لەسەر بودجە، لە كاتێكدا خۆی بودجە بارگرانی زۆری لەسەر هەیە. بۆ نموونە هەموو وەزارەتەكان داوای زیادكردنی خەرجی دەكەن، لە كاتێكدا وەك لیژنەی دارایی ئەوان لە هەوڵدان قەبارەی بودجەكە لە 164 تریلیۆن دینارەوە بۆ 130 تریلیۆن كەم بكەنەوە، بە كەمكردنەوەی خەرجییەكان كورتهێنانیش كەم بكەنەوە.

پێشبینی دەكرێت بودجەی 2021 زیاتر لە 71 تریلیۆن دینار كورتهێنانی هەبێت، لە كاتێكدا حكوومەت بە نیازە بە قەرزكردن لە بانكی ناوەندی و بانكە ناوخۆییەكان، زۆربەی ئەو كورتهێنانە پڕ بكاتەوە و ئەگەر رێژەی خەرجییەكانیش كەم بكرێتەوە، ئەوا كورتهێنانیش دادەبەزێت.

ئەولەویات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە


لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوە كرد، ئەولەویەتی ئەوان وەك پەرلەمانتار، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە و ئەگەر هەرێمی كوردستان ئەركەكانی خۆی بەرانبەر بەغدا جێبەجێ بكات، ئەوا لە چوارچێوەی پڕۆژەكەش مافە داراییەكانی دیاری دەكرێت.

هاوكات دكتۆر جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری كورد كە ئەندامی هەمان لیژنەیە، بۆ "وشە" روونی كردەوە، تاوتوێكردنی بودجە ئەمڕۆ پێنجشەم دەستی پێ كردووە، تا ئێستە توانیویانە یەك مادە تەواو بكەن و مادە بە مادە هەوڵ دەدەن پڕۆژەكە تاوتوێ بكەن، كۆتایی هەفتەی داهاتوو بۆ مەبەستی دەنگدان ئامادەی بكەن.

ئەو ئاماژەی دا، ئەو پڕۆژەیە كە بەو وردەكارییانەی پێشوو راگەیەنرابوو، وەك خۆی نامێنێتەوە و گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت و لە پێوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش، ئەوا گۆڕانكاری لە پڕۆژەیاساكە روو دەدات.

ئەركەكانی خۆی بەرانبەر عێراق جێبەجی بكات، تا بتوانێ مافە داراییەكانی وەربگرێت.


دكتۆر جەمال كۆچەر پێی وایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەبێت حیساب بۆ پڕۆژەكە بكات و ئەركەكانی خۆی بەرانبەر عێراق جێبەجی بكات، تا بتوانێ مافە داراییەكانی وەربگرێت.

پێشبینیش دەكرێت زیاتر لە 71 تریلیۆن دینار كورتهێنانی هەبێت، لەكاتێكدا حكوومەت بەنیازە بە قەرزكردن لە بانكی ناوەندیی عێراق، زۆربەی ئەو كورتهێنانە پڕ بكاتەوە.

لە ساڵی 2014ەوە بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی بودجە ناكۆكی كەوتووەتە نێوانیان، ناكۆكییەكانیش دوای ئەوە دەستیان پێ كرد كە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بڕی و هەرێمی كوردستانیش بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەكان، هانای بۆ فرۆشتنی ئەو نەوتە برد كە لە بەردەستیدا بوو و بەرهەمی دەهێنا.

داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوت بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی بەهای نەوت، پاشان سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، هاتنی سەدان هەزار ئاوارە بۆ هەرێمی كوردستان، وایكرد هەرێمی كوردستان تووشی تەنگژەی دارایی ببێت و نەتوانێ مووچە لە كاتی خۆیدا بدات.

ئەم رێككەوتنانە هیچ كاتێك بە تەواوی جێبەجی نەكراون.


حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، لە چەند قۆناغێكی جیاوازدا لەو ماوەیە رێككەوتنیان كردووە، بەڵام ئەم رێككەوتنانە هیچ كاتێك بە تەواوی جێبەجی نەكراون. حكوومەتی عێراق هەرێمی كوردستان بە پێشێلكردنی رێككەوتنەكان و بە پێچەوانە هەرێمی كوردستانیش بەغدای بە پێشێلكردنی رێككەوتنەكان تۆمەتبار كردووە.


وشە - سلێمان تاشان