چۆن بەخێرایی خەوت لێ دەكەوێت؟

:: PM:08:27:21/01/2021 ‌

بەهۆی جەنجاڵی ژیان و دەیان كێشەی جۆراوجۆرەوە، مرۆڤەكان ناتوانن بەئاسانی خەویان لێ بكەوێت، ئەو سترێس و گوشارەانەی لە ژیاندا هەن وایان كردووە خەوی مرۆڤ، كە باشترین نوێكەرەوەی چالاكی مێشك و جەستەیی مرۆڤە بشێوێت، پزیشكێك باسی رێگایەكی ئاسان بۆ نوستنێكی خێرا دەكات.
خواردنی شیرینی راستەوخۆ پێش كاتی نوستن ئەو كاریگەرییەی نابێت
د. میخائیل بۆلۆیكتۆڤ، مامۆستای یاریدەر لە بەشی نەخۆشییەكانی هەستە دەمار و نەشتەرگەری لە زانكۆی سیچینۆڤی پزیشكی دەڵێت، بۆ ئەوەی بەخێرایی خەوت لێ بكەوێت، پێویستە چوار سەعات پێش كاتی نوستن شیرینی بخۆیت.

زیاتر گوتی، ئەو خۆراكانەی جۆری گلوكۆزی " GLYCEMIC INDEX"ی بەرزیان تیادایە و خێران لە هەرسكردن، بە خواردنیان پێش چوار سەعات لە نوستن، وا دەكەن مرۆڤ بەخێرایی خەواڵو ببێت، بە بەراورد بەو خۆراكانەی ئەو جۆرە كاربۆهیدارتەیان تیادا نییە.

هاوكات گوتی، خواردنی شیرینی راستەوخۆ پێش كاتی نوستن ئەو كاریگەرییەی نابێت، جیا لەوە وریایی دا بەوەی خواردنی زۆری خۆراكی كاربۆهیدراتی خێرا لە هەرسكردن رەنگە كاریگەرییەكی نەرێنی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دروست بكات.

شایەنی باسە لەگەڵ ئەوەی كاربۆهیدرات سەرچاوەی سەرەكیی وزەی لەشی مرۆڤە، بەڵام پێویستە مرۆڤ لەو رێژەی پێویستە رۆژانە وەری دەگرێت وریا بێت، كە پێویستە لەگەڵ توانای لەش و ئاستی جووڵانەوە و چالاكییەكانیدا بگونجێت، بۆ ئەوەی كاریگەرییەكی نەرێنی بۆ سەر تەندروستی دروست نەكات، وەك تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە و لێكەوتە نەرێنییەكانی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل