كچە كوردێكی كەركووك بۆ هەڵبژاردەی عێراق یاری دەكات

:: PM:08:33:23/02/2017 ‌
كچە یاریزانێكی كوردی كەركووك لەبەر ئاست بەرزی و ئەنجامە باشەكانی، لە هەڵبژاردەی عێراق بۆ تۆپی پێی ئافرەتان وەرگیرا و لەم نزیكانە بەشداریی لە پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی دەكات.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 23ی شوبات سۆما مەحموود بە "وشە"ی ڕاگەیاند لەبەر بەرزیی ئاستی هونەری و ئەو ئەنجامانەی لە ڕیزەكانی یانەی گازی باكوور و هەڵبژاردەی كەركووك بەدەستم هێناون ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بۆ تۆپی پێی ئافرەتان بانگهێشتی هەڵبژاردەكەی كردووم و یەكەمین بەشداریی نێودەوڵەتیشم لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا دەبێت كاتێك بەشداریی لە پاڵاوتنەكانی پاڵەوانێتیی ئاسیا دەكەم لە تاجیكستان، كە 21 وڵات بەشداریی تێدا دەكات و كۆمەڵەی عێراقیش هەر شەش هەڵبژاردەی (عێراق، ئیمارات، ئەردەن، بەحرێن، تاجیكستان و فیلیپین) لەخۆدەگرێت.

ئەو كچە یاریزانە زیاتر گوتی، سەرەتاكانی یاری كردنم لە قۆناغی ناوەندیی خوێندنمدا لە دواناوەندیی ژاڵەی كچان بوو و پاشان چوومە ڕیزەكانی یانەی سۆلاڤی نوێ و فەتاتی هەولێر و كەركووك. پاش ئەوەی لە كۆلێجی وەرزشیی زانكۆی كەركووكیش وەرگیرام زیاتر پەرەم بە بەهرەكانم دا و لە هێڵی بەرگریدا مەشقی تایبەتم كردووە و ڕۆڵی ڕاهێنەری یانەكەم مامۆستا قاسم جەمیلیشم لەبەر چاوە و ئەو بەڕێزە منی گەیاندە ئەو ئاستە بەرزە و ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئافرەتانی عێراق منی بە ئامادەكراوی وەرگرتووە.

دواجار هاتە سەر ئەو دەستكەوتانەی بۆ یانەی گازی باكوور و هەڵبژاردەی كەركووكی بەدەست هێناوە و گوتی، ساڵی پار پلەی یەكەمی هەڵبژاردەكانی عێراقمان بەدەست هێنا و ساڵی 2015ش پلەی دووەمی پۆپی پێی هۆڵە داخراوەكانمان بەدەست هێنا. 

كەركووك: نەبەز ڕۆستەم



وشە - عه‌لی سدیق