حكوومه‌تی عێراق به فه‌رمی داوای شه‌ش ملیار دۆلاری تر قه‌رزی له سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردووه، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه، نوێنه‌رێكی سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش پشتڕاستی ئه‌و زانیارییانه ده‌كاته‌وه و هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه به‌غدا داوای قه‌رزی به په‌له‌ی له سندووقه‌كه كردووه، به‌هۆی خراپی دۆخی ئابووری وڵاته‌وه.
پێشتر عه‌لی عه‌لاوی وه‌زیری دارایی عێراق له گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ ئاژانسی بلۆمبێرگی ئه‌مره‌یكی دووپاتی كرده‌وه، كه حكوومه‌تی عێراق ده‌ستی به گفتوگۆ و دانوستاندن له‌گه‌ڵ سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردووه و ئه‌وان خۆیان یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه، كه به قه‌رزكردنی زیاتر نه‌بێ، دۆخی عێراق هه‌ره‌س ده‌هێنێت، بۆیه داوای شه‌ش ملیار دۆلاری تر قه‌رزمان له سندووقه‌كه كردووه.
عه‌لاوی ئه‌وه‌یشی خستووه‌ته ڕوو، كه له داواكه‌مان كه ئاراسته‌ی سندووقه‌كه‌مان كردووه، پێشنیازمان كردووه، كه به په‌له چوار ملیار دۆلارمان به بێ سووی زۆر، یان قه‌رزی تێچوو سووك پێ بده‌ن، بۆ به‌رده‌وامیدان به چاكسازییه‌كانی حكوومه‌ت و پاره‌داركردنی سێكته‌ره پێویسته‌كان.
له به‌شێكی تری گفتوگۆكه‌ی له‌گه‌ڵ بلۆمبێرگ وه‌زیری دارایی عێراق ڕوونی كردووه‌ته‌وه، كه حكوومه‌تی عێراق پلان داده‌نرێ، بۆ وه‌رگرتنی چه‌ندان جۆری تری قه‌رز و پاره، تا ڕێگری له كورتهێنانی بودجه بكات، یه‌كێكی تریش له‌و بژارانه‌ی كه ده‌یگرینه‌به‌ر، بریتی ده‌بێ له فرۆشتنی پشك و سه‌نه‌داتی عێراق له بازاڕی نێوده‌وڵه‌تی، كه چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین بڕی پێنج ملیار دۆلار له‌و ڕێیه‌وه بكه‌وێته ده‌ست حكوومه‌ت و به‌شێكی كه‌موكورتییه‌كانی بودجه‌ی پێ پڕ بكرێته‌وه.
به‌غدا هیچ چاره‌ی تری نییه و به‌رده‌وامه له قه‌رزكردن
له به‌رانبه‌ردا نوێنه‌رێكی سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كه ئاژانسی ڕۆیته‌رز بڵاوی كردووه‌ته‌وه ئاماژه‌ی داوه، كه ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق داوای به هاناوه‌چوونی به په‌له‌یان له سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردووه.
به‌یاننامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌یشداوه، كه به‌غدا داوای كردووه كه ڕێككه‌وتنی پاره‌داركردنی ماوه درێژ له‌گه‌ڵ سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی واژوو بكات، بۆ پشتیوانیكردنی زیاتری دۆخی ئابووری عێراق و جێبه‌جێكردنی ئه‌و چاكسازیانه‌ی كه بڕیاره جێبه‌جێ بكرێن و پلانیان بۆ دانراوه، بۆ هه‌ردوو بواره‌كه واته بۆ پێدانی قه‌رزی به په‌له و ڕێككه‌وتنی ماوه درێژ، گفتوگۆ له نێوان لایه‌نی عێراقی و سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وامی هه‌یه و هێشتا كۆتایی نه‌هاتووه.
شاره‌زایان و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ی ئابووری له جیهان به به‌رده‌وامی هۆشداری له‌باره‌ی دۆخی ئابووری عێراق ده‌ده‌ن و هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه به‌غدا به سه‌ختترین دۆخی ئابووری تێپه‌ڕ ده‌بێ، له دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش له ناوه‌ڕاستی مانگی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری ساڵی ڕابردوو، حكوومه‌تی عێراق به‌های دیناری عێراقی به‌رانبه‌ر به دۆلار دابه‌زاند، تا پاره‌ی زیاتری له ئاڵوگۆڕكردنی دۆلار به‌رانبه‌ر به دینار ده‌ست بكه‌وێ و بتوانێ سیوله‌ی گونجاوی له‌به‌رده‌ست بێ، بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی له عێراق.
ئه‌مه جیا له‌وه‌ی كه له مانگی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری ڕابردووه‌وه‌یش حكوومه‌ت به پرۆژه یاسایه‌ك بڕی 12 ملیار دۆلاری ئاراسته‌ی په‌رله‌مان كرد و دواتر له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه به ده‌ستكارییه‌وه ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر درا و مۆڵه‌ت به حكوومه‌ت درا تا ئه‌و بڕه پاره‌یه قه‌رز بكات و مووچه‌ی سێ مانگی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی پێ دابین بكات.
قه‌رزه‌كانی عێراق 133 ملیاری تێپه‌ڕاندووه و ئه‌مساڵ زۆر زیاتر ده‌بێت
به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و په‌تای كۆرۆنا ئابووری عێراق ڕووی له هه‌ره‌سی گه‌وره كردووه و به گوێره‌ی ئاماره‌كان مانگانه عێراق بۆ مووچه‌ی كه‌رتی گشتی و بودجه‌ی به‌كارخستنی فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت پێویستی به حه‌وت ملیار دۆلار هه‌یه، به‌ڵام كۆی داهاتی نه‌وت له مانگێكدا ده‌گاته 3.5 ملیار دۆلار، واته نیوه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه مانگانه پێویسته بۆ دابه‌شكردنی مووچه و دابینكردنی پێویستی فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت.
پرۆژه یاسای بودجه‌ی 2021 به 111 ملیار دۆلار خه‌ملێنراوه له‌سه‌ر بنه‌مای فرۆشتنی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت به 50 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، ئه‌گه‌ر هاتوو دۆخه‌كه له‌مساڵیش هاوشێوه‌ی ئێسته به‌رده‌وامی هه‌بێت، ئه‌وا كورتهێنانی بودجه ده‌گاته 49 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و ئه‌گه‌ر بودجه‌ی سیادی له كۆی قه‌باره‌ی بودجه ده‌ربهێنرێت، ئه‌وا نزیكه‌ی 54%ی بودجه بوونی نییه و ناتوانرێ ده‌سته‌به‌ر بكرێت، كه ئه‌مه‌یش به‌غدای ناچار كردووه ته‌نیا بیر له قه‌رز كردن بكاته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه ئاستی قه‌رزاری گه‌یشتووه‌ته سه‌ری 133 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و هه‌موو ئه‌و پاره‌یه‌ش له‌سه‌ر شانی نه‌وه‌كانی داهاتوو كه‌ڵه‌كه بووه و ده‌بێ به سووێكی زۆره‌وه به وڵاتان و بانكه جیهانییه‌كانی بده‌نه‌وه، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێ ئه‌مساڵ ئاستی قه‌رزكردنی عێراق زۆر زیاتر و به‌رزتر ببێته‌وه.