لەبری كوشتنی برای سەرۆكی كۆریا 90 دۆلاری وەرگرتووە

:: AM:11:39:26/02/2017 ‌

یەك لەو ژنانەی بە تۆمەتی كوشتنی كیم جونگ نام، برای سەرۆكی كۆریای باكور دانی بەوە ناوە بۆ ئەنجامدانی تیرۆرەكە، بڕی 90 دۆلاری وەرگرتووە و مالیزیا پیداگری دەكات لێپێچینەوە لە دیپلۆماتێكی باڵوێزخانەی كۆریا لە مالیزی بكات و دادگایی بكرێت.

لە دوای تیرۆركردنی برای سەرۆكی كۆریا لە فڕۆكەخانەیەی كوالامپور، دوو ژن بەگومانی ئەنجامدانی ئەو تیرۆرە لەلایەن هێزە تەناهییەكانی ئەو وڵاتەوە گیران و یەك لە ژنەكان دانی بە تاوانەكەیدا ناوە.

ئەو ژنە ئەندەنووسییە بە پۆلیسی مالیزیای گوتووە، من وامزانیوە ئەو كارەی كردوومە گرتەیەكی تەلەڤزیۆنی بووە كە بۆ بەرنامەیەكی كۆمێدی كۆریای باكور تۆمار كراوە و لەبری ئەو كارە 90 دۆلارم پێ دراوە.

ئەندریانۆ ئۆرین، جێگری باڵوێزی ئەندەنووسیا لە مالیزیا بە میدیاكانی راگەیاندووە، ئەو ژنە لە ڕێگەی سپرایەك كە گازی ژەهراوی تیادا بووە، برای سەرۆكی كۆریای كوشتووە و لەبری ئەو كارە بڕی 90 دۆلاری ئەمەریكی وەك حەقدەست پێ دراوە.

دوای دانپێدانانی ژنە ئەندەنووسییەكە، حكوومەتی مالیزیا پاڵەپەستۆی خستووەتە سەر دیپلۆماتكارێكی كۆریای باكور بۆ ئەوەی پەلكێشی دادگای بكات، سەرۆكی پۆلیسی مالیزیا رای گەیاندووە، ئەگەر ئەو دیپلۆماتكارەی باڵوێزخانەی كۆریای باكور خۆی رادەستی پۆلیس نەكات بۆ لێكۆڵینەوە، ئەوا پۆلیسی مالیزیا لە رێگەی ترەوە دەستبەكار دەبێت و لەوانەیە قۆڵبەست بكرێت.

سەرچاوە/دویچەوێلە





وشە - هیدایه‌ت جان