حەوت ئیمپراتۆر و فەرمانڕەوای شێتی دنیا

:: PM:04:45:22/02/2021 ‌

لەوەتەی دنیا و مرۆڤایەتی دروست بووە، كە مێژووەكەی بۆ دەیان هەزار ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، گرووپ و كۆمەڵگا و قەوارە و دەوڵەت و شانشین و ئیمپراتۆریەت هەبووە، واتە هەر كۆمەڵگە و گرووپ و قەوارەیەك لەلایەن كەسانێكەوە فەرمانڕەوایەتیان كراوە، ئەوان چۆن هاتوون و رەفتار و هەڵسوكەوتیان كردووە، لەیەكتر جیاوازن، بەشێك لەو فەرمانڕەوایانە شتێك كۆی كردوونەتەوە، ئەویش شێتییە، وەك لە خوارەوە باسی هەندێكیان كراوە.
شارلی شەشەم سەرەڕای شێتییەكەی تا مردن فەرمانڕەوایەتی فڕەنسای كرد
یەكەم/ شا شارلی شەشەم
ماوەی 42 ساڵ فەرمانڕەوایەتی فڕەنسای كرد، لە تەمەنی 21 ساڵیدا فەرمانڕەوایەتی وەرگرت، سەرەتا لەلایەن خەڵكەكەی كەسێكی باش و خۆشەویست بووە، بەڵام كە گەیشتە تەمەنی 25 ساڵی، تووشی نۆرەی هەلوەسە لە بیركردنەوە و تێگەیشتن هاتەوە، كە لەگەڵ بەتەمەنداچوونییەوە زیاتر دەبوو، لەگەڵ گەیشتنی بە تەمەنی 32 ساڵی تووشی حاڵەتێك لە شێتی بوو و چوار پاسەوانی خۆی كوشت، بەر لەوەی هێرش بكاتە سەر لویس ئورلیانزی برای، لەوساتەوە تووشی نۆرەی توندی شێتی هاتەوە و خراپتر دەبوو، تا بە "چارلزی شێت"، دەناسرا، وای دەزانی كە لە شووشە دروست كراوە و تەلی ئاسنی لەخۆی دەدووری بۆ ئەوەی نەشكێت، سەرەڕای شێتییەكەی تا مردن فەرمانڕەوایەتی فڕەنسای كرد.

دووەم/ ئیمپراتۆر نیرۆن
دوای ماوەیەك لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە سەردەمی ئیمپارتۆر كلۆدیۆسی باوكی، رۆما كەوتە ژێر فەرمانڕەوایەتی نیرۆنی كوڕەكەی، كە ناوی بە چەندان لادان بەسترایەوە لەوانە چێژبینین لە سووتاندنی خەڵك، ساڵی 64ی زاینی دیارترین تاوانی نیرۆنی بەخۆیەوە بینی، كاتێك ئاگری رۆمای بەناوبانگ دروست بوو و 10 گەڕەكی لە كۆی 14 گەڕەكی شارەكە سووتاند، ئەوكاتەی ئاگر لە شارەكە بەرز بووەوە و خەڵك دەسووتا لەناو هاوار و ناڵینیان، نیرۆن لەسەر تاوەرێكی بەرزەوە دانیشتبوو و چێژی لە بینینی ئاگرەكە دەبینی و ئامێرێكی میوزیكی بەدەستەوە بوو و ئاوازی دەژەنی، شیعرەكانی هۆمیرۆسی وەك گۆڕانی دەگوت كە وەسفی ئاگری تەروادەی كردبوو. 

دوای ئاگرەكە تۆمەتی هەڵگیرسانی خستە ئەستۆی مەسیحییەكان و ئەوانی گرت و لە رێگەی كردنیان بە خۆراكی ئاژەڵی دڕندە و سووتاندنیان، لەبەردەم خەڵكی رۆما و هەموو ناوچەكانی پیمپراتۆریەتەكەی خوێنی رشتن، لە ساڵی 68ی زاینی دایكی خۆی كوشت، بەر لەوەی خۆیشی بكوژێت، بەوەیش كۆتایی بە چیڕۆكی ستەمكارێك هات كە شاری رۆمای بە شێتییەكەی شەكەت كردبوو.

سێیەم/ شا لۆدفیگی دووەم
دوای مردنی باوكی لە 1864 و لە تەمەنی 18 ساڵیدا بووە شای باڤاریا، ناسناوی "شای قازەكان" یان "شای چیڕۆكە ئەفسانەییەكان"ی پێ بەخشرا، خاوەن رەفتار و ئاكاری سەیر بوو، خۆی لە جێبەجێكردنی ئەركە فەرمییەكانی وەك فەرمانڕەوای دەوڵەت و بۆنە كۆمەڵایەتی و فەرمییەكان دەدزییەوە، حەزی لە ژیانی دابڕین و بەتەنیا بوو و چەندان قەڵای ئەفسووناوی دروست كردبوو، لە ساڵی 1866 بە شێت تۆمەتبار كرا، بەوهۆیەوە و لەسەر داوای مامی لادرا كە خۆی كردە فەرمانڕەوا و دواتر تەرمی لۆدفیگ و ئەو پزیشكەی كە رای گەیاند ئەو شێتە، بەیەكەوە دۆزرانەوە. 

چوارەم/ خوانای یەكەم
چیڕۆكی خوانای یەكەم، شای شانشینی قشتالە لە ئیسپانیا یەكێكە لە چیڕۆكە كارەساتبارەكان لە مێژووی ماڵباتەكانی فەرمانڕەوا لە دنیادا، فەرمانڕەوایەتییەكەی چەند سەردەمێكی شێتی تیادا بوو، جیا لە چەندان ساڵ لە گرتووخانە بەفەرمانی باوكییەوە كە شێتیەتی راگەیاند، ئەو لە تەمەنی 16 ساڵیدا شووی بە گەنجێكی قۆز بەناوی فیلیپ كرد، وەك باس دەكرێت تێكچوونی مێشكی خوانا دوای مردنی هاوسەرەكەی دەستی پێ كرد كە بۆ ماوەی هەشت مانگ لەگەڵ تەرمی هاوسەرەكەی گەشتی كردووە و لە رێگایش ماچی كردووە و دەستگەمەی لەگەڵ كردووە، لە ساڵی 1555 لە تەمەنی 75 ساڵی كۆچی دوایی كردووە.

پێنجەم/ میتریداتی شەشەم
یەكێكە لە شاكانی كۆنی یۆنان و تەواوی ژیانی بە بوونی خەیاڵ و ترسی ژەهراویكردنی لەلایەن دوژمنەكانی ژیاوە، بۆیە رۆژانە بڕێكی كەم ژەهری خواردووە بۆ ئەوەی لەشی لەسەر رابێت و بەرگری دژ بە ژەهر دروست بكات، دوای دۆڕانی بەرانبەر بە رۆمانەكان و گەیشتنیان بۆ ناو كۆشكەكەی، بڕیاری دا خۆی بكوژێت و هیچی نەدۆزییەوە تەنیا ژەهر نەبێت، هەموو ئەو ژەهرەی لای بوو خواردی بۆ ئەوەی بمرێت، بەڵام لەشی بەرگری بەرانبەر دروست كردبوو و نەمرد، سەربازانی رۆمان گرتیان و بەزنجیركراوی بردیانە رۆما.

شەشەم/ ئیمپراتۆر جیا جینگ
لە ساڵی 1521ی زاینی چۆ هۆكینگ لە شوێنی ئامۆزاكەی بووە 12مین ئیمپراتۆری ماڵباتی مینگ، ناسناوی "جیا جینگ"ی بۆخۆی دیاری كرد، واتە "هێمنییەكی بێوێنە"، بەوە ناوی دەركرد كە شێتی بەدەستهێنانی دەرمانی نەمرییە، بۆیە وای دەزانی كۆكردنەوەی خوێنی سووڕی مانگانەی كچانی پاكیزە و بەكارهێنانی بۆ دروستكردنی مادەیەك بەناوی "قورقوشمی سوور"، هێزێكی وای پێ دەبەخشێت بۆ هەتایە بژیت، بۆیە فەرمانی دەركرد بۆ گرتنی كچان لەنێوان تەمەنی 13 بۆ 14 ساڵ بۆ بەرهەمهێنانی ئەو مادەیە و تەنیا گەڵای توو و ئاوی بارانی پێ دەدان، چونكە وای دەزانی بەوشێوەیە مادەیەكی پوختی دەست دەكەوێت.

كچەكان لە دۆخێكی خراپدا بوون، تا لە 1542 پلانیان داڕشت بۆ كوشتنی ئەو ئیمپراتۆرە و ئێوارەیەك بەدزی چوونە ژوورەكەی و ویستیان بیخنكێنن، بەڵام نەیانتوانی، كچێك لە بەشداران پلانەكەی ئاشكرا كرد و بۆ رۆژی دواتر ئیمپراتۆر بڕیاری لەسێدارەدان و كوشتنی هێواشی بۆ هەموو ژنانی كۆشكەكەی دەركرد، ئەو ئیمپراتۆرە لە ساڵی 1567 لە تەمەنی 59 ساڵی مرد، واش دەزانرێت هۆكاری مردنی بوونی جیوەی ژەهراوی بووە لەناو ئەو دەرمانەی بۆ تا هەتایی مانەوەی دەیخوارد.

حەوتەم/ نەبوخزنەسڕی دووەم
یەكێكە لە دیارترین شاكانی بابل، ویستی وڵاتەكەی بكاتە بەهێزترین لە رۆژهەڵات، بۆیە بەسەر میسرییەكان و ئاشوورییەكان سەركەوت، ماوەیەك بەهۆی خەونە سەیرەكانییەوە تووشی نۆرەی شێتی بوو، خەونێكی بینی و بەوشێوەیە لێكدرایەوە، لەناو خەڵك دەردەكرێت و لەگەڵ ئاژەڵ لە چۆڵەوانی دەژیت و وەك گا گیات پێ دەدەن، ئەو خەونەی دوای 12 مانگ هاتە دی و خۆی لە خەڵك دوورخستەوە و دەستی بە خواردنی گیاوگۆڵ كرد، وەك باس دەكرێت ئەو نۆرە شێتییە شاكەی بابل حەوت ساڵ بەردەوام بوو.        



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل