3864 حاڵەتی نوێی كۆرۆنا لە عێراق تۆمار كرا

:: PM:05:45:22/02/2021 ‌

بەپێی دوایین ئاماری تووشبوونی رۆژانەی پەتای كۆرۆنا لە عێراق، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 3864 حاڵەتی تووشبوون تۆمار كراوە، بەرانبەر بە 2236 حاڵەتی چاكبوونەوە و 23 حاڵەتی مردن، وەزارەتی تەندروستی دووپاتی دەكاتەوە كۆتایی ئەم مانگە یەكەم وەجبەی ڤاكسین دەكات.
مردن گەیشتووەتە 13295 حاڵەت
بەپێی دوایین راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ دووشەم بڵاو كرایەوە، لە 24 سەعاتی رابردوو 3864 حاڵەتی نوێی تووشبوون و 2236 حاڵەتی چاكبوونەوە و 23 حاڵەتی مردن لە سەرانسەری عێراق هەبووە، بەوەیش كۆی تووشبوون تا ئێستە گەیشتووەتە 671801 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 620745 حاڵەت و مردنیش 13295 حاڵەت.

ئەمڕۆ یەكشەم روبا فەلاح، لە راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عێراق رەتی كردەوە كە وەجبەیەكی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا گەیشتبێتە عێراق و پەرلەمانتار و بەرپرسانی حكوومەت پێیان درابێت، دووپاتی كردەوە كە یەكەم وەجبەی ڤاكسینەكە لە كۆتایی ئەم مانگە دەگات و بەو توێژانە دەدرێت كە وەزارەتی تەندروستی دیاری كردوون، وەك تیمە پزیشكییەكان، هەروەها كارمەندانی تەناهی و بەتەمەنداچووەكانی سەرووی 50 ساڵ، دوای ئەوانە بە هاووڵاتییان دەدرێت و بێ بەرامبەر دەبێت.

عێراق بڕیاری بەكارهێنانی سێ جۆر ڤاكسینی داوە، ئەوانیش ڤایزەری ئەمەریكی و ئەسترازینیكای بەریتانی و سینۆفارمی چینی، بەڵام تا ئێستە هیچ لەو ڤاكسینانە نەگەیشتوونەتە عێراق، حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی رای گەیاند كە یەكەم وەجبەی ڤاكسینەكە لە كۆتایی ئەم مانگە دەگات. 

شایەنی باسە تا ئێستە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە دنیا بەردەوامە و دوایین ئاماری تووشبوون گەیشتووەتە سەرووی 112 ملیۆن حاڵەت و مردنیش گەیشتووەتە نزیكەی دوو ملیۆن و 480 هەزار حاڵەت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل