هۆشیار زێباری: ناكۆكی نێوان بەغدا و هەولێر سیاسییە

:: PM:09:18:22/02/2021 ‌

هێشتا پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەنگی لەسەر نەدراوە و بەپێی زانیارییەكان لەسەر رێككەوتنی هەولێر بو بەغدا بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێم لە پڕۆژەكەدا وەستاوە، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و وەزیری دەرەوە و دارایی پێشووی عێراق باسی چۆنیەتی كۆتاهێنان بە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات.
بەغدا شكستەكانی تەنیا دەخاتە ئەستۆی هەرێمەوە

زێباری
لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، سەرەڕای ناكۆكیی سیاسی، كورد یەكهەڵوێستە، هەرێمی كوردستان بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكان وەك ئەوەی لە پڕۆژەكەی حكوومەتی عێراق دابوویە پەرلەمان رازی بووە، بەڵام بەغدا شكستەكانی تەنیا دەخاتە ئەستۆی هەرێمەوە.

زیاتر گوتی، بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، پێویستە چوار بابەت لەنێوان ناوەند و هەرێم یەكلا بكرێتەوە، ئەوانیش دەركردنی یاسای نەوت و گاز و ئەنجوومەنی فیدراڵ لە دەستوور، كە پێوەندییەكانی ناوەند و هەرێم و پارێزگا نارێكخراوەكان بە هەرێم رێك دەخات، جیا لە سەرژمێریی دانیشتوان و یاسای دادگای فیدراڵ. 

روونی كردەوە، بودجەی 20201 پێوەندی بە هاووڵاتییانەوە هەیە و پشكی هەرێمیش لە بودجە بابەتێكە لەنێوان ناوەند و هەرێمەوەیە، روونی كردەوە، ناكۆكیی نێوان بەغدا و هەولێر سیاسییە نەوەك تەكنیكی، چونكە دەستوورێك هەیە دان بە هەرێم و مافەكانیدا دەنێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل