سەرۆكی ئەنجوومەنی فەتوای كوردستان: دادگاكانی كوردستان كاری زۆرباشیان كردووە و دەستوەردان لێیان رەوا نییە

:: PM:09:38:22/02/2021 ‌

سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای كوردستان رای دەگەیەنێت، دادگاكانی كوردستان ئیشی زۆر باشیان كردووە و جێی دەستیان دیارە و پێویستە هیچ كەس و لایەنێك دەست وەرنەداتە كار و بڕیارەكانی دادگا، روونی كردەوە، پێغەمبەری ئیسلام فەرموویەتی "لە جوانی و رەوشتی كەسێك نییە قسە لەسەر شتێك بكات كە پێوەندی بەوەوە نییە".

پڕۆفیسۆر دكتۆر حەسەن خالید موفتی، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، دادگا رێزی تایبەتی خۆی هەیە و دەبێت هەمیشە رێزلێگیراوبێت، هاوكات یەكێكە لە دەسەڵاتەكانی یاسایی لە هەرێمی كوردستان و دەبێت سەربەخۆ بێت، بۆیە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دەبێت پێكەوە رێز لە دادگا و بڕیارەكانی دادگا بگرن و نابێت دەستوەردان لە كارەكانی بكەن، دەبێت دادگاكانیش سەربەخۆبوونی خۆیان هەبێت و بەبێ دەستوەردان دۆسیەكان یەكلا بكەنەوە.
تێكەڵبوون لەنێوان هەرسێ دەسەڵات رووبدات هیچیان ناتوانن ئیشی خۆیان بكەن
زیاتر گوتی، هەر كەسێك شارەزایی نەبێت لەبوارێكدا و دەستوەردانی تێدا بكات، پێی دەگوترێت (فزولییەت)، پێغەمبەر محەمەد (د.خ) فەرموویەتی، "لە جوانی و رەوشت و دینداری موسڵمانێك نییە شتێك پێوەندی بەوەوە نەبێت قسەی لەسەر بكات"، لە راستیدا دەبێت دادگاكان سەربەخۆبن و دادپەروەری دروست بكەن، كاتێكیش تێكەڵبوون لەنێوان هەر سێ دەسەڵاتی دادگا و جێبەجێكردن و یاسادانان رووی دا، ئەوكات هیچكامیان ناتوانن بە ئیشی خۆیان هەستن.

سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە، هەر یاسایەك موافەقەتی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام بێت و دژایەتی نەبێت لەگەڵ داونەریتی گشتی كۆمەڵگا، لە شەرعی ئیسلامدا شتێكی باشە و پەسەندە، هەر یاسایەكیش سەرپێچی دەقێكی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت و راستەوخۆ سەرپێچی هەبێت لەگەڵ ئاینی ئیسلام و لەگەڵ داونەریتی گشتیدا نەگونجێت، ئیسلام پێی دروست و راست نییە.

"پێویستە دادگاكان لەهەموو بوارەكاندا سەربەخۆ بن و دەستوەردانی كەسی تێدا نەكرێت، ئەگەر لەسەر دۆسیەیەك سزا درا پێویستە دادوەرانە بێت، ئەگەر دادوەرانە نەبوو پێویستە جارێكی تر تانەی لێ بدەنەوە، دادگایەكی تریش هەیە كە دادگای تێهەڵچوونەوەیە، هەر ئەنجامێكی هەبوو پێویستە هەمووان پێوەی پابەند بن"، حەسەن خالید موفتی وای گوت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان ئاماژەی كرد كە دادگاكانی كوردستان لەرووی سەربەخۆبوونەوە كاری زۆر باشیان كردووە، لە كارەكاندا زۆر باش بوون و جێگە دەستیان دیارە لە ناوچەكە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل