ئالووسی: ململانێیەكی نێودەوڵەتی لە عێراق هەیە بەهۆی شكست و شپڕزەیی حكوومەتەكەی

:: PM:10:32:22/02/2021 ‌

ساڵی رابردوو رێككەوتنی شنگال وەك هەنگاوێكی مێژوویی بۆ چارەسەركردن و ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە لەنێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان واژوو كرا، یەكێك لە بڕگەكانی دەركردنی هێز و میلیشیا نافەرمییەكان بوو بۆ رێخۆشكردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، سیاسەتوانێكی عێراق باسی هۆكاری بەربەستكردنی رێككەوتنەكە دەكات.
رێككەوتنی شنگال سەرەتایەكی نوێ بوو و لەگەڵ خواستەكانی ئێران یەك ناگرێتەوە
میسال ئالووسی، سیاسەتوانی دێرینی عێراق بە "وشە"ی گوت، بوونی میلیشیاكان و سوپای پاسدارانی ئێران و شارەزایانیان و چەكدارانی پەكەكە لە شنگال، مانای وایە گوشارێكی هەرێمی هەیە بۆ دروستكردنی پردێك لەنێوان تاران، لە رێگەی عێراق و سووریاوە بەرەو لبنان، هەموو ئەوانەیش دووپات لە بوونی ململانێیەكی نێودەوڵەتی لە عێراق دەكەنەوە بەهۆی شكست و شپڕزەیی حكوومەتی فیدراڵ لە 17 ساڵی دواییدا.

زیاتر گوتی، رێككەوتنی شنگال بۆ دەست پێكردنی سەرەتایەكی نوێ بوو لە رێگەی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ زیندووكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و دەقی دەستووری و بەرپرسیارەتیی نیشتمانی لەنێوان هەردوولادا، بەڵام ئەوە لەگەڵ خواستەكانی ئێران یەك ناگرێتەوە كە دەیەوێ كۆنترۆڵی عێراق بكات، هەروەها لەگەڵ بەرەژەوەندیی ئەوانەیش یەك ناگرێتەوە كە لەپشت پەكەكە دەوەستنەوە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتیان بەسەر عێراقدا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل