حکوومەت لیستی مووچەی بڵاو کردەوە

:: AM:11:37:23/02/2021 ‌
وەک پێشتر بەڵێنی دابوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی بڵاو کردەوە و لە رۆژی پێنجشەم 25ی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

بە گوێرەی لیستەکە تا 28ی مانگ مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکرێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی داناوە پرسی مووچە بە تەواوی رێک بخاتەوە  و 30 رۆژ جارێک دابەشی بکات.

بەغدا بودجە رەوانە بکات یان نەیکات، پشت بە توانا داراییەکانی خۆی دەبەستێت

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا دابەزینی نرخی نەوت لە لایەک و گوشارە داراییەکانی بەغدا لە لایەکی تر هۆکار بووە لەوەی حکوومەت نەیتوانیبێت مانگانە مووچە دابەش بکات. بە لەبەرچاوگرتنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی و بەو پلانەی حکوومەت دایڕشتووە رێکخستن بۆ سەرجەم داهاتەکانی دەکات و بەغدا بودجە رەوانە بکات یان نەیکات، پشت بە توانا داراییەکانی خۆی دەبەستێت و بە گوێرەی داهاتەکەی، مانگانە مووچە دابەش دەکات.

خەڵکی هەرێمی کوردستان کە رێژەیەکی بەرچاویان مووچەخۆرن، بەهۆی ئەوەی کە نەیان دەزانی کەی مووچەکەیان وەردەگرن، لە دابینکردنی بژێوییان بەردەوام لە دڵەراوکێدا دەژیان و ئێستە کە دڵنیان مانگانە مووچەکەیان وەردەگرن، لەو دڵەڕاوکێیەش رزگارییان دەبێت.







وشە - سلێمان تاشان