دوای دوو ئه‌نجامی خراپ له بۆندسلیگا، ئه‌مشه‌و بایرن میونشن به ترس و هۆشدارییه‌وه رووبه‌ڕووی لازیۆ ده‌بێته‌وه.
ئه‌مشه‌و له یارییه‌كانی گه‌ڕی چوونی قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگدا، بایرن میونشن به‌رامبه‌ر لازیۆ ده‌وه‌ستێته‌وه و یارییه‌كه‌ش سه‌عات 23:00 ده‌ست پێ ده‌كات.
یارییه‌كه له یاریگه‌ی ئۆلمپیكۆ له رۆما ئه‌نجام ده‌درێت و له كاتێكدایه، بایرن میونشنی پاڵه‌وانی مۆندیالی یانه‌كان و پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی چامپیۆنزلیگ، ئاستی دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه بینیوه و له دوو یاریی رابردووی بۆندسلیگاشدا ته‌نیا یه‌ك خاڵی به‌ده‌ست هێناوه.
بۆ ئه‌مڕۆش تیپه‌كه به هۆشداریی و ئاگاییه‌وه به‌رامبه‌ر بازه‌كانی لازیۆ یاریی ده‌كه‌ن و هانزی فلیكی راهێنه‌ر ده‌یه‌وێت له ئیتالیاوه هاوسه‌نگیی تیپه‌كه‌ی به‌ده‌ست بهێنێته‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌مه ئه‌ركێكی ئاسان نییه.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، بایرن له‌وه‌ته‌ی شكستی به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپوول له دوو وه‌رز له‌مه‌وبه‌ری چامپیۆنزلیگ، هیچ یارییه‌كی له پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه نه‌دۆڕاندووه، له وه‌رزی رابردووه‌وه تا ئێسته، 16 یاریی له‌سه‌ریه‌كی بردووه‌ته‌وه و یه‌ك یارییش به‌رامبه‌ر بووه.
بایرن كێشه‌ی هه‌یه
هانزی فلیك راهێنه‌ری بایرن، بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی تیپه‌كه‌ی 17 یاریزانی بانگهێشت كردووه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی یاریزانی پێویست له تیپه‌كه‌یدا.
بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، بایرن له تواناكانی چه‌ند یاریزانێكی بێ به‌شه، كه به هۆی پێكان و تووشبوون به كۆرۆناوه یاریی ناكه‌ن، له‌وانه "دۆگلاس كۆستا، موله‌ر، پاڤارد، تۆلیسۆ، گنابری و نۆبڵی گۆڵپارێز" و چه‌ند یاریزانێكی تر.
راهێنه‌ری لازیۆ متمانه‌ی به تیپه‌كه‌ی هه‌یه
له لای خۆیه‌وه یانه‌ی لازیۆ به سه‌ركه‌وتنی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی به 1-0 گۆڵ به‌سه‌ر سامپدۆریا له سێریا ئه‌ی، خۆی بۆ یارییه‌كه ئاماده كردووه، سیمۆنی ئینزاگیی راهێنه‌ری لازیۆ پێی وایه تیپه‌كه‌ی له‌سه‌ر كاغه‌ز ناتوانێت له بایرن بباته‌وه، به‌ڵام چه‌كی تایبه‌تیی خۆی بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌كه هه‌یه.
سیمۆنی ده‌ڵێت: "بردنه‌وه له بایرن ئاسان نییه، به‌ڵام ئێمه‌ش پێگه‌یشتووین و ده‌مانه‌وێ به ئاستێك یاریی بكه‌ین، كه ململانێی گه‌یشتن به قۆناغی داهاتوو بكه‌ین".
ركابه‌رییه‌كی تایبه‌ت
یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و، ركابه‌رییه‌كی تایبه‌تی تێدا به‌دی ده‌كرێت، ئه‌ویش ململانێی نێوان دوو گۆڵكاری گه‌وره، رۆبێرت لێڤاندۆڤسكیی باشترین هێرشبه‌ری ئێسته‌ی ئه‌وروپا و جیهان و شیرۆ ئیمۆبێڵیی گۆڵكاری لازیۆ و ئه‌وروپا.
ئیمۆبێلی وه‌رزی رابردوو به تۆماركردنی 36 گۆڵ، خه‌ڵاتی گۆڵكاری خولی ئیتالیا و خه‌ڵاتی پێڵاوی زێڕینی وه‌ك باشترین گۆڵكار له خوله‌كانی ئه‌وروپا به‌ده‌ست هێنا، به دوو گۆڵ له پێش لێڤاندۆڤسكی بوو، ئه‌م وه‌رزه‌ش تا ئێسته 14 گۆڵی له سێریا ئه‌یدا كردووه.
له به‌رامبه‌ردا لێڤاندۆڤسكی، ئێسته گۆڵكاری بۆندسلیگایه به 26 گۆڵ و وه‌رزی رابردووش گۆڵكاری چامپیۆنزلیگ، بۆندسلیگا، جامی ئه‌ڵمانیاش بوو.
كه‌واته ئه‌مشه‌و چاوه‌كان زیاتر له‌سه‌ر هه‌ردوو گۆڵكار ده‌بێت، كه هانده‌رانی هه‌ردوو تیپ چاوه‌ڕێی گۆڵیان لێ ده‌كه‌ن.
ئامار و مێژوو
یه‌كه‌مجاره هه‌ردوو یانه له پاڵه‌وانیه‌تییه فه‌رمییه‌كاندا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، پێشتر هیچ یارییه‌كیان به‌رامبه‌ر یه‌كتر نه‌كردووه.