ژمارەیەك لە نوێنەرانی پارتی كۆماریخواز لە نامەیەكدا بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا، هۆشدارییان داوە لەوەی نەكا سزاكانی سەر ئێران لابەرێت، چونكە هەر جۆرە هەنگاوێك بۆ لابردنی سزاكان، ئەوا پێگەی ئەمەریكا لە دانوستانی ناوكیی لاواز دەكات.
نامەكە لە لایەن جۆن كاتكۆ نوێنەری كۆماریخواز بۆ حكوومەتی بایدن نێردراوە كە ژمارەیەك نوێنەری تری كۆماریخواز واژوویان كردووە. هەنگاوەكەش دوای ئەوە دێت ئەمەریكا ئامادەیی خۆی دەربڕی تا لە كۆبوونەوەیەكی وڵاتانی پێنج كۆ یەكدا بەشداری بكات، جۆزێپ پورێل رێكخەری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا پێشنیاری كردبوو.
كۆماریخوازان پێداگرن لەسەر ئەو گوشارانە لەسەر ئێران درێژەیان هەبێت تا بە ئەنجام دەگات.
بەگوێرەی
دۆیچەوێلە، بەشداری ئەمەریكا لەو كۆبوونەوەیە، ئەوانەی زیاتر نیگەران كردووە كە دژی لابردنی سزاكانی سەر ئێرانن، بە تایبەت كۆماریخوازان پێداگرن لەسەر ئەو گوشارانە لەسەر ئێران درێژەیان هەبێت تا بە ئەنجام دەگات.
بۆ نموونە لیز چینی نوێنەری كۆماریخواز لە وتارێكیدا كە لە دامەزراوەی ریگان پێشكەشی كرد، بەرگری لە سیاسەتەكانی ترەمپ كرد و گوتی، ئەو رێككەوتنەی لە ساڵی 2015 لەسەر دەستی باراك ئۆباما واژوو كرا، خراپترین رێككەوتنە لە مێژووی ئەمەریكا واژوو كرابێت.
جێی باسە دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 لە رێككەوتنی ناوكیی هاتە دەرەوە، لە بەرانبەردا ئێرانیش پەرەی بە پێشێلكارییەكان داوە و رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 20% بەرز كردووەتەوە.