ناسڕییە.. رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان بەردەوامە

:: PM:08:58:24/02/2021 ‌

ماوەی چەند رۆژێكە رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان لە پارێزگای زیقاڕ بەردەوامە، بڕیارە بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخی پارێزگاكە، سبەی وەزیری ناوخۆی عێراق و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی سەردانی ئەو پارێزگایە بكەن.
داوای دەستلەكاركێشانەوەی نازم وائیلی پارێزگاری زیقاڕ دەكەن
سەرچاوەیەكی تەناهی ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە پشێوییەكانی شاری ناسڕییە بەردەوامە و ئەمڕۆیش دەیان بریندار لە ریزی خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان تۆمار كراوە، لەوانە 23 بریندار لە هێزە تەناهییەكان و 17یش لە ریزی خۆپێشاندەرانەوە و ژمارەكە لەبەرزبوونەوەیە، بەپێی سەرچاوەیەكی تر ژمارەكە گەیشتووەتە 63 بریندار لە هەردوولا.  

هەر لەو ناوەدا سەرچاوەیەك لە زیقاڕ رای گەیاند كە دوای ئاڵۆزییەكانی ئەو پارێزگایە و بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە و رێگرتن لە پەرەسەندنی زیاتر، بڕیارە سبەی پێنجشەم عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆ و قاسم ئەعڕەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی پارێزگاكە بكەن. 

ناڕەزایەتییەكان ناسڕییە دەچێتە ناو سێیەم رۆژییەوە و لە دوو رۆژی رابردوویش دوو خۆپێشاندەر كوژران و دەیانی تر بریندار بوون، كاتێك هێزە تەناهییەكان بە گولەی راستەقینە و گازی فرمێسكڕێژ و بۆمبی بیبەری تون خۆپێشاندەرانیان بڵاوە پێ كرد، كە داوای دەستلەكاركێشانەوەی نازم وائیلی، پارێزگاری زیقاڕیان دەكرد.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل