مه‌حموود شێرزاد راهێنه‌ری ماڵی یۆگای هه‌ناسه، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا بۆ "وشه" تیشك ده‌خاته سه‌ر سۆفیگه‌ری له كوردستان و ده‌ڵێ، ئه‌م سه‌ده‌یه له كوردستان و هه‌موو دنیا، سه‌ده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یه به‌ره‌و ته‌سه‌وف و عیرفان، مرۆڤ له‌م سه‌ده‌یه به دواوه هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌قڵ و زانست، زیاتر له پێشوو روو ده‌كاته عیرفان و ئه‌قڵی ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی، هاوكات ئاماژه بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات، له كوردستان ئێسته جگه له ئیسلامی سیاسی، خه‌ریكه ته‌سه‌وفی سیاسیش سه‌رهه‌ڵده‌دا.
په‌ره‌سه‌ندنی ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی جیهادی له كوردستان پاشه‌كشه‌ی زۆری به ته‌سه‌وف كرد
* ته‌ریقه‌ت له كوردستان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و عیرفانه‌ی ئه‌مڕۆ له دنیا ناسراوه، عیرفانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، تایبه‌تمه‌ندی هاوبه‌ش و خاڵی جیاوازیان چییه؟
له كوردستان عیرفان هه‌میشه كه‌م و ده‌گمه‌ن و شاراوه بووه، ئه‌وه‌ی له كوردستان هه‌یه سۆفیگه‌ریی ئاینی و مه‌زه‌وییه، نه‌ك عیرفان. به تایبه‌تی ته‌ریقه‌ته‌كانی كوردستان زیاتر ره‌وتێكی نه‌رماژۆی ئاینی و مه‌زه‌وی بوون و هه‌ن، نه‌ك قوتابخانه‌یه‌كی عیرفانی. هه‌ر ره‌وتێك پێیه‌كی له شه‌ریعه‌تی ئاین و پێیه‌كی له ته‌ریقه‌تی ناخه‌كی ئایندا بێ ته‌سه‌وفه و عیرفان نییه. عیرفان تێپه‌ڕاندنی "شه‌ریعه‌ت" و "ته‌ریقه‌ت"ه، واته ئه‌زموونكردنی "حه‌قیقه‌ت" و "مه‌عریفه‌ت"ـه و ئازادبوونه له ئاین و له دنیا، وه‌ك ده‌ڵێن سۆفی هێشتا ئاینته‌وه‌ر و خواته‌وه‌ره، به‌ڵام عارف هیچته‌وه‌ره، یانی به پێگه‌ی وه‌سڵ گه‌یشتووه و وه‌سڵبووه‌ته‌وه، دوانێتی تێپه‌ڕاندووه، رێ و رێبوار و مه‌نزڵ هه‌ر خۆیه‌تی، هه‌رچییه‌ك بكا هه‌ر خۆیه‌تی، له‌هه‌ر خاڵێكه‌وه ده‌ست پێ بكا، هه‌ر رێ و رێبازێك به‌كار بێنێ، بۆ هه‌ر ئامانجێك ئه‌و كاره بكا، هه‌مووی هه‌ر خۆیه‌تی، بۆیه خامۆش ده‌بێ، واته له ناوه‌ندی وجودی خۆیدا ئۆقره‌ی گرتووه. كه‌واته له كوردستان زیاتر ته‌سه‌وف هه‌بووه و هه‌یه، به‌ڵام ئێسته جگه له ئیسلامی سیاسی، خه‌ریكه ته‌سه‌وفی سیاسیش سه‌رهه‌ڵده‌دا، یانی به‌م رووداوه ره‌وتی نه‌رماژۆ و ئاشتیخوازی ئاینی و مه‌زه‌ویش له رووی ره‌وتی ناسینه‌وه به جێی ئه‌وه‌ی قووڵ بێته‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دواوه، یانی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ره‌و عیرفان بڕوا، ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌ره‌و شه‌ریعه‌تی سیاسی ته‌وه‌رانه.
عیرفان هه‌م له رێی جیناته‌وه و هه‌م له رێی كولتوور و كه‌له‌پووره‌وه ده‌گوازرێته‌وه
بارودۆخی ته‌سه‌وف له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگا له كوردستانی به تایبه‌ت باشوور، به به‌راورد له‌گه‌ڵ نیوسه‌ده له‌وه‌پێش باشتر بووه. له‌و ماوه‌یه‌ی پێشوودا بارودۆخی ناله‌باری ژیان و په‌ره‌سه‌ندنی ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی جیهادی له كوردستان، پاشه‌كشه‌ی زۆری به ته‌سه‌وف كرد، به‌ڵام ئێسته خه‌ریكه په‌ره ده‌ستێنێته‌وه. ئه‌م سه‌ده‌یه نه‌ك هه‌ر له كوردستان، به‌ڵكو له هه‌موو دنیادا، سه‌ده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یه به‌ره‌و ته‌سه‌وف و عیرفان و خۆناسیی جیهانی و گه‌ردوونی. ئه‌م سه‌ده‌یه، سه‌ده‌ی وه‌خه‌به‌رهاتنی مه‌عنه‌وی و سه‌ده‌ی گه‌شه‌ی رۆحییه. مرۆڤ له‌م سه‌ده‌یه به دواوه هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌قڵ و زانست، زیاتر له پێشوو روو ده‌كاته عیرفان و ئه‌قڵی ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی و دیناوی (شهودی عیرفانی) له هه‌موو دنیادا، مرۆڤ زیاتر روو ده‌كاته ئاگایی بنه‌ڕه‌تی و هه‌وڵ بۆ ناسینی بنه‌ڕه‌تی خۆی ده‌دا. لێره به دواوه پرسیار و پێداویستییه‌كانی مرۆڤ به ته‌نیا به ئاین یان به زانست وه‌ڵام نادرێنه‌وه و تێڕامانی عیرفانیش پێویسته، ده‌مێكه ده‌ركه‌وتووه ئاین و زانست ناتوانن وه‌ك پێویست مرۆڤ له نه‌زانی ده‌رباز بكه‌ن، یان مرۆڤ له نه‌خۆشی و ناخۆشییه‌كان رزگار بكه‌ن. له‌به‌رئه‌وه مرۆڤ پێویسته روو بكاته تێڕامانی عیرفانی تا ریشه‌كان بناسێ، هه‌م ریشه‌ی ئاگایی و هه‌م ریشه‌ی خۆی و هه‌م ریشه‌ی نه‌خۆشی و ناخۆشییه‌كانی ببینێ و بزانێ و تێیانپه‌ڕێنێ. به قه‌ولی سۆهره‌وه‌ردی مرۆڤ بۆ ناسینی "خود" و "خوا" پێویستی هه‌م به ئه‌قڵه و هه‌م به شهوود، واته هه‌م پێویستی به ئه‌قڵی بچووكی تاكه‌كه‌سی و هه‌م پێویستی به ئه‌قڵی گه‌وره‌ی گه‌ردوونی هه‌یه.
تەکێ و خانەقاکان دەبێ هه‌م مه‌كۆی زانست و هه‌م مه‌كۆی عیرفانی په‌تی و گه‌ردوونی بن
* ئه‌و ره‌وته خه‌ریكه له كوردستان جارێكی تر ده‌ڕسكێته‌وه، له لایه‌ك ناوه‌نده‌كانی عیرفانی گه‌ردوونی وه‌ك یۆگا رووه و گه‌شه‌كردنن، له لایه‌كی تره‌وه ته‌سه‌وف جارێكی تر خه‌ریكه خۆی له نوێوه بنیات ده‌نێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر ته‌سه‌وف وه‌ك ناوه‌ڕاسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو نه‌درێته به‌ر ره‌خنه و به‌ره‌و پووكانه‌وه نه‌ڕوات، ده‌بێ چ میتۆدێك پێڕه‌و بكات؟
ره‌وتی گه‌ڕانه‌وه بۆ ته‌سه‌وف له كوردستان له گه‌شه‌كردن دایه، هیوادارم ئه‌و ره‌وته له لایه‌ن رێبه‌رانی ته‌سه‌وفی سیاسییه‌وه به‌لاڕێدا نه‌ڕوا. ئێسته له كورده‌واریدا دوو بواری زانست و عیرفان له گه‌شه‌دان، بواره‌كانی تر و به تایبه‌تی ئاینداری سیاسی و جیهادی له پاشه‌كشه‌دان و له داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان پێداویستییه‌كانی ژیانیان زیاتر دابین بكرێ و ژیان زیاتر بچێژن و تێی ڕابمێنن، لێی ئازاد ده‌بن. له‌م حاڵه‌ته‌دا مرۆڤ چیتر له‌سه‌ر دنیا و بواره دنیایی و كاتییه‌كان شه‌ڕ و ململانێ ناكا، به‌ڵكو ئارام ده‌بێته‌وه و ئۆقره ده‌گرێ و هه‌وڵ ده‌دا له خۆیدا قووڵ بێته‌وه. بۆ نموونه له نێوان ساڵه‌كانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٣ كه ئاستی خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك له باشووری كوردستان زۆر به‌رز بووبووه‌وه، خه‌ڵكێكی زیاتر روویان له ناوه‌نده‌كانی یۆگا و ته‌كێ و خانه‌قاكانی كوردستان كرد. به‌ڵام ئه‌و ناوه‌ندانه ده‌بێ ناوه‌ندی راسته‌قینه بن، هه‌م مه‌كۆی زانست و هه‌م مه‌كۆی عیرفانی په‌تی و گه‌ردوونی بن، یانی مرۆڤ به خورافات و به سیاسه‌ت و وه‌همه‌كانه‌وه سه‌رقاڵ نه‌كه‌ن، یان به پێچه‌وانه‌وه مرۆڤ پاسیڤ نه‌كه‌ن، به‌ڵكو وه‌خه‌به‌ری بێنن، یارمه‌تی مرۆڤ بده‌ن تواناكانی بناسێ و به دروستی به‌كاریان بێنێ، نه‌ك بێ توانای بكه‌ن. له كۆندا له هه‌ندێ ناوچه وایان كردووه، زیاتر خه‌ڵكی مشه‌خۆر و پاسیڤ و بێ هه‌ڵوێستیان به‌رهه‌مهێناوه، له هه‌ندێ ناوچه‌ش زۆر چالاك و شۆڕشگێڕ بوون. هه‌م به‌رانبه‌ر داگیركه‌ران وه‌ستاون و هه‌م چاكسازییان له كورده‌واریدا كردووه.
* واتا ده‌بێ عیرفان و سۆفیگه‌رێتی له خورافه دوور بخرێته‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی ئاگا و به توانا به‌رهه‌م بهێنێت، تێكه‌ڵ به زانست بكرێت؟
ده‌مێكه ده‌ركه‌وتووه كه ته‌نیا دوو بواری زانست و عیرفان به یه‌كه‌وه توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه مرۆڤ له تاریكییه‌وه به‌ره‌و رووناكی بپه‌ڕێننه‌وه. ئێسته ئه‌م ره‌وته له كوردستان ده‌ستی پێ كردووه. راستییه‌كه‌ی زانكۆكان ده‌بێ هه‌م ناوه‌ندی ئه‌قڵی و زانستی و هه‌م ناوه‌ندی شهوودی و عیرفانی بن، به هه‌مانشێوه ناوه‌نده‌كانی یۆگا و ته‌كێ و خانه‌قاكانیش، هه‌م ده‌بێ ناوه‌ندی شهوودی عیرفانی و هه‌م ناوه‌ندی ئه‌قڵی و زانستی بن. ئه‌م ره‌وته له كوردستان ئه‌گه‌ر تێكه‌ڵ به ئاین و سیاسه‌ت و بازرگانی بكرێ، به‌لاڕێدا ده‌چێ، هیوادارم ئه‌وه روو نه‌دا.
دەبێ مرۆڤ به خورافات و به سیاسه‌ت و وه‌همه‌كانه‌وه سه‌رقاڵ نه‌كه‌ن
* ته‌سه‌وف له كوردستان توانا و پتانسیه‌لی ئه‌وه‌ی تێدایه هه‌ڵگری ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه بێت كه له یه‌ك كاتدا مه‌كۆی زانست و عیرفانی په‌تی و گه‌ردوونی بێت؟
ئه‌م ته‌سه‌وفه‌ی تا ئێسته له ته‌كێ و خانه‌قاكانی كوردستان پێڕه‌و ده‌كرێ، جۆرێكه له سۆفیگه‌ریی ئاینی و ئاینزایی، به‌ڵام ئه‌و عیرفانه‌ی له دنیادا خه‌ریكه په‌ره ده‌ستێنێ، عیرفانی گه‌ردوونییه، واته ئاینی و كولتووری نییه. عیرفانی ئاینی سنوورداره، كه‌واته مه‌عریفه‌كه‌شی سنوورداره، واته پێڕه‌وی ته‌ریقه‌ت "خود" و "خوا" ناناسێ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌ن، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌وه ده‌یانناسێ كه ئاینه‌كه‌ی باسیان ده‌كا و ئه‌و ته‌نیا باوه‌ڕی پێیان هێناوه، به‌ڵام هیچ دركێكی لێیان نییه. له نێوان سۆفیگه‌ریی و عیرفانی گه‌ردوونیدا هه‌م خاڵی هاوبه‌ش هه‌یه و هه‌م خاڵی ناهاوبه‌ش، گرنگترین خاڵی هاوبه‌شیان ئه‌وه‌یه هه‌ردووكیان روو به‌ناوه‌وه‌ن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ناوه‌وه بناسن، جیهانی نه‌ناسراو بناسن، به‌ڵام سۆفیگه‌ریی ره‌وته‌كه كامڵ ناكا، له ئاستێك له ئاسته‌كاندا ده‌وه‌ستێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی سۆفیگه‌ریی ئاینی سنوورداره، له سنووری شه‌ریعه‌ت ده‌رناچێ، به‌ڵام عیرفانی گه‌ردوونی بێ سنوور و ئازاده و رێڕه‌و ده‌توانێ ئازادانه تێبكۆشێ و تا ئه‌وپه‌ڕ و ئه‌ودیوی "ناسین" بڕوا.
سۆفیگه‌ریی له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌ر له دوو هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی "شه‌ریعه‌ت" و "ته‌ریقه‌ت"دا ماوه‌ته‌وه
* وه‌ك ئاماژه‌ت پێ كرد، ته‌سه‌وف له كوردستان نه‌یتوانیوه به‌و ئاسته گه‌شه بكات كه تێكه‌ڵ به‌و عیرفانه گه‌ردوونییه بێت كه باڵێكی حه‌قیقه‌ت و باڵه‌كه‌ی تری مه‌عریفه‌ته، هۆكاری ئه‌مه چییه؟
تا ئێسته ره‌وتی مه‌عنه‌وی له قۆناغی سۆفیگه‌رێتی ئاینی و مه‌زه‌ویدایه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سێك له ڕه‌وتی قووڵبوونه‌وه‌كه‌یدا بگاته سنووری تێپه‌ڕاندنی ئاین و مه‌زه‌وه‌كه‌ی له قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتر پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه، كه‌سه‌كه ناوێرێ له‌وه زیاتر بڕوا، به‌قه‌ول پێی وایه له ئاین وه‌رده‌گه‌ڕی، بۆیه پاشه‌كشه له خۆناسی ده‌كا، له‌به‌ر ئه‌مه‌یه مه‌ولانای به‌لخی ده‌ڵێ ئه‌م بواره جوامێری گه‌ره‌كه، دڵ و ده‌روونی بوێری ده‌وێ. له‌به‌رئه‌وه سۆفیگه‌ریی له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌ر له دوو هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی "شه‌ریعه‌ت" و "ته‌ریقه‌ت"دا ماوه‌ته‌وه، له‌سه‌ر ئاستی هه‌ندێ تاك نه‌بێ نه‌گه‌یشتووه‌ته قۆناغه‌كانی "هه‌قیقه‌ت" و "مه‌عریفه‌ت"، به‌ڵام عیرفانی گه‌ردوونی و جیهانی ئه‌م سنوورانه‌ی نییه، ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كان خۆیان بیانه‌وێ، تا ئه‌وپه‌ڕی خۆناسی و خواناسی و بنه‌ڕه‌تناسی گه‌شه ده‌كه‌ن.
تەسەوف له كوردستان ئه‌گه‌ر تێكه‌ڵ به ئاین و سیاسه‌ت و بازرگانی بكرێ، به‌لاڕێدا ده‌چێ
* ئه‌گه‌ر عیرفان له كوردستان قۆناغبه‌ندی بكه‌ین، مێژووی ئه‌و ره‌وته مه‌عنه‌وییه بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئایا به‌ر له ئیسلامیش عیرفان له كوردستان هه‌بووه؟
به‌گشتی ره‌وتی عیرفانی له كوردستان به‌سه‌ر دوو قۆناغی پێش ئیسلام و دوای ئیسلامدا دابه‌ش ده‌بێ. عیرفانی قۆناغی پێش ئیسلامیش به‌سه‌ر دوو قۆناغی تردا، واته قۆناغی پێش ئارییه‌كان و قۆناغی دوای ئاریاییه‌كاندا دابه‌ش ده‌بێ. عیرفان و هه‌موو قۆناغه‌كانی عیرفان له كوردستانه‌وه تا هیندستان و تبت و نیپاڵ، ده‌ماریان له قۆناغی پێش ئاریاییدا هه‌یه، یانی مێژووی به‌ڵگه‌داری عیرفان له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می دراڤیدییه‌كان. پێش ئه‌وه‌ی ئاریاییه‌كان بێنه ئه‌م ناوچه‌یه، دراڤیدییه‌كانی لێ بوون، ئه‌وان زۆر عیرفانی بوون، بوونیان باش ده‌ناسی، له‌گه‌ڵی هاوئاهه‌نگ و وه‌سڵ بوون، ده‌یانزانی چۆن له‌گه‌ڵ ژیان و سروشت هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن. بۆ نموونه عیرفانی یۆگا كه دایكی ره‌سه‌نی هه‌موو لقه‌كان و رێبازه عیرفانییه‌كانه، هی دراڤیدییه‌كانه، ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی یۆگا كه له "دۆڵی ئیندوس" له هه‌رێمی هاراپای هیندستان و "موهه‌ن جودارو"ی پاكستان دۆزراونه‌ته‌وه كۆنییه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌ش تا 10 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، په‌یكه‌ره‌كان هی مرۆڤن، له حاڵه‌تی دانیشتنی گوڵی لیخدا كه به زمانی سانسكریتی پێی ده‌گوترێ دانیشتنی "پادماسانا"، ئه‌م حاڵه‌ته، حاڵه‌تی تێڕامان و تێڕامانیش ناوه‌ند و بنه‌ڕه‌ت و ئه‌وه‌ڵ و ئاخری عیرفانه، واته ئه‌وه‌ڵ و ئاخری خۆناسی و خواناسی، به‌گشتی ده‌رگای ئیشراق و رووناكبوونه‌وه‌یه به هه‌قیقه‌تی ئه‌وه‌ڵ و ئاخر، واته عارف له رێی تێڕامانه‌وه دنیای بچووك (خود - مرۆڤ) و دنیای گه‌وره (خوا) ده‌ناسێ و لێیانه‌وه ده‌رده‌چێ، واته له‌هه‌ردووكیان ده‌مرێ و تێكه‌ڵ به ئاگایی ئه‌ودیو هه‌ردووكیانه‌وه ده‌بێته‌وه.
* ئه‌و عیرفانه گه‌ردوونییه‌ی دراڤیدییه‌كان پێڕه‌ویان ده‌كرد چی لێ به‌سه‌ر هات، هۆكار چی بوو كه ئه‌و ره‌وته مه‌عنه‌وییه تووشی ئه‌و گۆڕانه هات و به ته‌واوه‌تی له ناوچه‌ی ئێمه دوور كه‌وته‌وه؟
كاتێ ئاریاییه‌كان هاتوون، دراڤیدییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌یان كوشتووه، شارستانیی خۆیان له‌سه‌ر داروپه‌ردووی شارستانیی دراڤیدییه‌كان دامه‌زراندووه. واته شارستانیی خۆیان و ئه‌وانیان به زه‌ینییه‌تی خۆیان داڕشتووه‌ته‌وه. پاشان ئه‌و ئاریاییانه‌ی بۆ هیندستانی ئێسته رۆیشتوون، هه‌موو دراڤیدییه‌كانی ئه‌وێیان نه‌كوشتووه و شارستانیی دراڤیدییه‌كانی ئه‌وێیان به ته‌واوی له‌ناو نه‌بردووه، شارستانییه‌كه‌یان لێ وه‌رگرتوون و ئه‌وانه‌شیان كه له شه‌ڕه‌كان ده‌ربازیان بووه، له باكوره‌وه به‌ره‌و باشوور پاڵ پێوه ناوه و ئێسته‌ش كه‌مینه‌یه‌كیان ماوه. جا زانسته سه‌ره‌كییه‌كان وه‌ك یۆگا و پزیشكی ئایۆرڤیدا و تانترا هی سه‌رده‌می دراڤیدییه‌كانه و بۆ ئاریاییه‌كان ماوه‌ته‌وه. ره‌گه‌زه‌كانی ئه‌و سێ زانسته سه‌ره‌كییه و به تایبه‌تی ره‌زه عیرفانی و جه‌سته‌ییه‌كانی یۆگا، دواتر له هه‌ر ئاین و رێبازێكی مه‌عنه‌وی و رۆحیدا كه له هیندستانه‌وه تا كوردستانی ئێسته سه‌ریهه‌ڵدابێ هه‌یه. بۆ نموونه هیندۆنیزم، جاینیزم، بودیزم، تائۆنیزم، ئاینی میترایی، ئایینی زه‌رده‌شتی، ئاینی مووسایی، مه‌سیحی، ئیسلام، یارسان، دوو ته‌ریقه‌تی قادری و نه‌قشبه‌ندی، ئاینی به‌هایی... هتد، هه‌موویان كه‌م و زۆر هه‌م ره‌گه‌ز و جووڵه جه‌سته‌ییه‌كان و هه‌م ره‌گه‌زه عیرفانییه‌كانی یۆگایان تێدایه. جا له‌به‌رئه‌وه جگه له‌وه‌ی هه‌موویان له رواڵه‌تدا خاڵی هاوبه‌شیان زۆره، به‌ڵام له قووڵاییدا، له گه‌وهه‌ریاندا به عیرفان هه‌موویان یه‌كن.
سۆفیگه‌ریی ئاینی سنوورداره و له سنووری شه‌ریعه‌ت ده‌رناچێ
* به‌و پێیه بێت به‌هۆی ئه‌و گۆڕانه مێژووییه ئێمه له عیرفانێكی گه‌ردوونی و پاراوه‌وه به‌سه‌ر عیرفانێكدا كه‌وتووین كه ئاوس كراوه به خواست و حه‌زه مرۆییه‌كان؟
عیرفانی قۆناغی پێش ئاریاییه‌كان به ته‌واوی عیرفانێكی جیهانی و گه‌ردوونییه، كولتووریی و مرۆیی نییه، واته خۆ هاوئاهه‌نگكردنه‌وه و خۆهاوسه‌نگكردنه‌وه و وه‌سڵبوونه‌وه‌یه به ئاگایی و هۆش و ئه‌قڵی گه‌ردوونی، ئه‌و ئاگایی و هۆش و ئه‌قڵه‌ی ئه‌م بوونه‌ی به‌رجه‌سته كردووه‌ته‌وه و رایگرتووه و به‌ڕێوه‌ی ده‌با. عیرفانی دوای دراڤیدییه‌كان و هی سه‌رده‌می ئاریاییه‌كان گه‌ردوونی – مرۆییه، بۆ نموونه ره‌گه‌زه‌كان هه‌م گه‌ردوونین و هه‌م مرۆیین، یانی به‌شێكی زۆری ره‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی ئه‌و ئاینانه‌ی ناومان هێنان، ریشه‌یان له زه‌ینییه‌ت و روانگه و نیازه دنیاییه‌كانی مرۆڤه‌كاندایه، به‌شێكیشیان یاسا گه‌ردوونییه‌كانن.
عیرفان زه‌ینییه‌ته، كه‌واته هه‌م له رێی جیناته‌وه و هه‌م له رێی كولتوور و كه‌له‌پووره‌وه ده‌گوازرێته‌وه، یانی له روانگه و تێگه‌یشتن و دنیابینی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ره‌گه‌زی هه‌موو تێگه‌یشتن و دنیابینییه‌كانی مێژووی قووڵی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه هه‌یه. بۆ نموونه تا ئێسته‌ش له دنیابینی كورده ئیسلامییه‌كاندا له ژێری ژێره‌وه تۆخمی عه‌ره‌بیدا، ره‌گه‌زی میترایی و زه‌رده‌شتی و مانایایی و یارسانی و... هتدیش به‌دی ده‌كه‌ین.