پەیامێک لە سەرۆک وەزیرانی کوردستانەوە

:: AM:09:41:05/03/2021 ‌
لە یادی 30 ساڵەی ڕاپەڕینی ئاداری ساڵى 1991ی گەلی کوردستان، مه‌سروور بارزانى سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى مه‌سروور بارزانى سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ په‌یامێكیدا ڕاى گه‌یاند، "لە یادی 30 ساڵەی ڕاپەڕینی پڕشکۆی ئاداری ساڵى 1991ی گەلی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم."
سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ى كردووه‌، "ڕاپەڕینی ئاداری ساڵى 1991، یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کورستان، کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو. ڕاپەڕین وەرچەخانێکی مێژوویی بوو لە شۆڕش و تێکۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، کە بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بوو، کە پێویستە ئەمڕۆیش، هەر تاکێکی کوردستانی و هەموو لایەن و پێکهاتەكان ، بە یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە، داکۆکی لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن."
 
ئه‌وه‌ى خستووه‌ته‌ڕوو، "پێویستە بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و ئاشتیخوازی و مرۆڤ دۆستی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین."
 
ڕوونى كردووه‌ته‌وه‌، "‎با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، کارنامە چاکسازییەکەی جێبەجێ بکات و خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین."
 
‎"بەرز و شکۆدار بێت ساڵیای ڕاپەڕینی ئاداری ساڵى 1991، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین." ‎سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاى گه‌یاندووه‌.

راپەڕینی گەلی كورد لە باشووری كوردستان، لە پێنجی ئاداری ساڵى 1991 لە سەعات 9:00ـی سەرلەبەیانی بە فەرمی لە ڕانیە دەستی پێ كرد. لە هەموو لاوە خەڵك ڕژانە سەر كووچە و كۆڵان و شەقامەكان، لە ڕادیۆكان و بڵندگۆی مزگەوتەكانەوە خەڵك بۆ ڕاپەڕین هان دەدرا. پاشان جەماوەر هەڵیانكوتایە سەر داودەزگاكانی حكوومەت. سەعات 3:00ـی سەر لە ئێوارەیش سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاك كرایەوە. هەمان ڕۆژ چوارقوڕنە و حاجیاوا و دەشتی بیتوێن و سەربازگەی سەركەپكان ئازاد كران، جگە لە تیپی 44ـی چوارقوڕنە، 50 كەس لە ڕژێم كوژران و 10 كەسیش لە هاووڵاتییان شەهید بوون، ژمارەیەكی زۆریش لە پیاوانی ڕژێم گیران، بۆیە ئەم ڕۆژە لە مێژووی كورددا بە ڕۆژی ڕاپەڕین و ڕانیەیش بە دەروازەی ڕاپەڕین ناسرا.


وشە - محەمەد میران