رۆژنامەیەكی مەدریدی: لێدانە سزاكەی ریال مەدرید راست نەبوو

:: AM:09:50:27/02/2017 ‌

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی كە لایەنگری یانەی ریال مەدرید دەكات، ئاشكرای كرد كە لێدانە سزاكەی یانەی ریال مەدرید لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی ڤیاڕیال هەڵە بووە.

شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 24ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 2-3 گۆڵ لە یانەی ڤیاڕیالی بردەوە.

گۆڵی دووەمی یانەی ریال مەدرید كە گۆڵی یەكسانبوونەوەی یارییەكە بووە، بە رێگەی لێدانی سزا لەلایەن كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و باشترین یاریزانی جیهان لە خولەكی 74 هاتە تۆماركردن.

پڕۆفیسۆری ناوبژیوانی رۆژنامەی ماركا ئاماژەی بەوەدا كە ناوبژیوان هەڵەی كردووە بە هەژماركردنی ئەو لێدانە سزایە و بەهیچ شێوەیەك نەدەبوو ئەو لێدانە سزایەی هەژمار كردبا.

زیاتر گوتی: نێوانێك لەنێوان تۆپ و بەرگریكارەكەی یانەی ڤیاڕیال هەبوو، بەڵام تۆپەكە لەناكاو بەدەستی كەوتووە و بەرگریكارەكە هیچ نیازێكی دوورخستنەوەی تۆپەكەی نەبووە، بۆیە بە لێدانی سزا هەژمار ناكرێ.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید بەم سەركەوتنە كۆی خاڵەكانی كردە 55 خاڵ و هاتەوە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولی پلە یەكی ئیسپانیا، نزیكترین یانەش لێیەوە یانەی بەرشەلۆنەیە كە 54 خاڵی هەیە، ئەمە لەكاتێكدایە كە یانەی شاهانە یارییەكی دواخراویشی بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ ماوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م