لە گۆڕانەوە بۆ لووتکەی بێ هیوایی!

:: AM:11:20:08/03/2021 ‌

ئاراس رواندزی

 هەفتەی رابردوو رووداوێکی دەگمەن کایەی وەرزشیی هەژاند، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دوای شازدە ساڵ مانەوەی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی، دەستی لەکار کێشایەوە، ئەم وازهێنانەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە و شەقامیش بە باش و خراپ کۆمێنتی لەسەردا، ئەم هەنگاوە ئومێد و تروسکاییەکی بە خەونی لەگۆڕنراوی دەیان ساڵەی هەموو کارەکتەران و بانگەشەکارانی گۆڕان و چاکسازی بەخشی.

 وازهێنانەکە خاڵی یەکەمی داخوازییەکان بوو، بەڵام هەنگاوی دواتر، کە بە هەرە گرنگەکە هەژمار دەکرێ، پێچەوانەی ئومێدەکان، ئاسۆیەکی ناروونی بۆ نەخشاندین !

سەرەتا زۆر دڵخۆشبووم و خەیاڵیش منی بۆ جیهانە ئەفسووناوییەکەی خۆی پەلکێش کرد، پێم وابوو ئەستێرەی بەختی وەرزش هەڵکشاوە و لەگەڵیشی کلتوورێکی نوێ لەدایک بووە، بۆیە کارەکەم بەرز نرخاند و چاوەڕوانی راگەیاندنی پڕۆژەکانی چاکسازی و میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گۆڕانکاری لە پۆستەکان بووم، کەچی لە پڕ دەنگێکی نەشاز و ناخۆش رایچڵەکاندم و پێی گوتم با خەیاڵەکانت زیاد نەڕۆن، چونکە بە دووبارەکردنەوەی هەڵە ستراتیژییەکەی چەندان ساڵە و پشتگوێخستنی کەسانی ئەکادیمی و پسپۆڕ، هەروەها پڕکردنەوەی پۆستەکان و دانانی کەسەکان لە دیوەخانی حزبەکانەوە، جارێکی تر تیرێک لە جەستەی ماندوو پڕ شەکەتی وەرزش دراوە.

دوای ئەوە دڵنیابوومەوە ئیدارەدانی کایەکە و شێوازی ئیشکردنی ئەو ستافەش، هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەوانەی پێشوو نابێ، ئه‌گەر کەسێکی کارامەش لەنێویاندا هەبێ، چونکە هاتووەکانیش قوتابی هەمان قوتابخانەی رۆیشتووەکان بوونە! بۆیە بە رۆیشتنی سەفین کانەبی و هاتنی تاریق عەبدولڕەحمان، کە رێزم بۆ کەسایەتی و خزمەتیان هەیە، هیچ پێشڤەچوونێک و گۆڕانێکی ئەرێنی بەسەر رەوتی تۆپی پێدا نایەت، لەبەر ئەوەی کێشە بنەڕەتییەکە و راستکردنەوەی خوارییەکان، بە گۆڕینی کارەکتەرە حزبییەکانی نێو وەرزش چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بنەمای ئەکتیڤکردنەوە و بەرەوپێشبردنی کایەکە، پێوەستە بە هاتنە پێشەوەی عەقڵ و بیری تازە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی بەڕێوەبردن لەسەر بنەمایەکی زانستی و سەردەمیانەی دوور لە روانین و هەژموونی حزب، ئەم کارەش کەسێکی پسپۆڕ و ئەکادیمیی زێدە دڵسۆزی گەرەکە، بۆ ئەوەی رێڕەوێکی دروست بۆ تۆپی پێ بنیات بنێ.

نایشارمەوە بەو هۆیەوە نەک هیوا و ئومێدم لەدەست داوە، بگرە رەشبینیی تەواو باڵی بەسەر هەست و بیرمدا کێشاوە، من وام دەزانی زەمینەیەک بۆ گۆڕانکاری رەخساوە و بە هاتنەپێشەوەی دید و روانینی سەردەمیانە، چاکسازییەکی ریشەیی دێتە ئاراوە، بە شێوەیەک رەگی کەلەپووتەکان هەڵدەتەکێنێ و هەوڵەکانیش بە ئاراستەی راستکردنەوەی هێڵە خوارەکان دەستپێدەکات، لێ دیسان حزب و ئەو کەسانەی کە لەپشتی پەردەوە کایەکە دەجولێنن، ریسەکەیان لە وەرزشکاران کردەوە بە خوری!

 ساڵانێکە دڵسۆزان و خەمخۆرانی راستەقینەی وەرزش بە دوای هەلێکی هاوشێوەی ئێسته‌دا دەگەڕان، بۆ ئەوەی کایەکە بدرێتە دەستی ئەو کەسانەی کە دەتوانن لە کەمترین دەرفەتدا و لە کاتی قەیرانیشدا شتی گەورە پێشکەش بکەن، لێ مخابن ئەمجارەش رێگریی کرا و نەهێڵدرا جەستە بریندارەکەی وەرزش و تۆپی پێ تیمار بکرێ، بۆیە لەو رۆژە پیرۆزەدا کە یادی راپەڕینە و ئاسۆ و خۆری گەلێکی ستەمدیدەی لێوە هەڵهات، داوا لە هەموو خەمخۆرانی وەرزش دەکەم با ئەم یادە بقۆزینەوە و پێکەوە دەست لەناو دەست و بە ورەیەکی پۆڵایین و دروشمی گۆڕان و چاکسازی، مەشخەڵی راپەڕینێکی مەدەنیانەی وەرزشی هەڵکەین و چیتر قەبووڵی ئەو دۆخە چەقبەستووە نەکەین، چونکە بێ باکی و بەهەندوەرنەگرتنی ئاستی راستەقینەی ئەو وێرانەیە و مانەوەی بەو شێوەیە، زیانێکی ئێجگار زۆر بە ئێسته‌ و داهاتووی وەرزش و لاوانمان دەگەیەنێت، کە دەرهاوێشتە نەرێنییەکەی بۆ چەندان دەیە بەسەرمانەوە دەمێنێتەوە.




وشە - تایبه‌ت