له‌كاتێكدا خۆی به به‌رپرسی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ناساند، مه‌حموود سه‌نگاوی ئه‌و پۆسته‌ی لێ وه‌رگیرایه‌وه و راده‌ستی فه‌رمانده‌یه‌كی تر كرا.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئاسایشی شارۆكه‌ی كفری، به "وشه"ی راگه‌یاند، لیوا عوسمان قادر فه‌رمانده له لیوای 136ی هێزه‌كانی 70ی سه‌ربه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له شوێنی مه‌حموود سه‌نگاوی كراوه به به‌رپرسی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
هاوكات لیوا عوسمان قادر هه‌واڵی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك به‌رپرسی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به "وشه" راگه‌یاند. وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "به‌وپه‌ری شانازییه‌وه به‌رگری له خاكی كوردستان ده‌كه‌م ."
لادانی مه‌حموود سه‌نگاوی له‌و پۆسته، له‌كاتێكدایه پێش چه‌ند رۆژێك رای گه‌یاندبوو: "ئێسته له‌ناو یه‌كێتیدا هیچ نیم، ته‌نیا به‌رپرسی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پێشمه‌رگه‌م". له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوویشدا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ی لێ وه‌رنه‌گرنه‌وه، سه‌نگاوی هه‌وڵی ده‌دات دڵی لاهوور جه‌نگی خۆش بكات و قسه به كوردستان بڵێ و چه‌ندان جنێوی دا.
گه‌رمیان / سه‌بری هۆرێنی