به‌هۆی چه‌ند ڕووداوێكی ڕابردوو، جارێكی تر لێكترازانی نێوان باڵه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕوو ده‌داته‌وه. كۆنگره‌ی كۆتاییه‌كانی ساڵی 2019 نه‌یتوانی یه‌كێتی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر یه‌ك بخاته‌وه، ئێسته كێشه‌ی ناو ئه‌و حزبه په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ چه‌ك و هێز و پاره.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌رچه‌نده له‌دوای كۆنگره‌وه بانگه‌شه‌ی زۆری یه‌كگرتوویی حزبه‌كه‌ی كرد، ته‌نانه‌ت زۆریش له‌لایه‌ن بافڵ تاڵه‌بانی هاوسه‌رۆكی حزبه‌كه هه‌وڵی بۆ درا، به‌ڵام پێده‌چێ لاهوور جه‌نگی نه‌یه‌وێ حزبه‌كه‌ی یه‌كگرتوو بێت و به هه‌موو جۆرێك هه‌وڵی سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆی له‌ناو یه‌كێتیدا ده‌دات.
حزبه‌كه له یه‌كێتییه‌كی نیشتمانییه‌وه ئێسته خه‌ریكه ده‌بێته گرووپێكی بچووك
له‌ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا و دوای كۆنگره، یه‌كێتی به به‌رزی و نزمی زۆردا تێپه‌ڕی، به‌ڵام حزبه‌كه له یه‌كێتییه‌كی نیشتمانییه‌وه ئێسته خه‌ریكه ده‌بێته گرووپێكی بچووك، ئه‌وه‌یش به ته‌واوی به‌هۆی كاره‌كانی لاهوور جه‌نگییه‌وه‌یه كه هاوسه‌رۆكی حزبه‌كه‌یه، تا ئێسته‌یش زیاتر له بافڵ تاڵه‌بانی ده‌ركه‌وتنی هه‌بووه، له‌كاتێكدا به‌پێی پێڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی، پێویسته بڕیاره‌كان به‌هاوبه‌شی بن.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی كوڕی جه‌لال تاڵه‌بانین، هه‌ریه‌كه له بافڵ و قوباد تاڵه‌بانی كه‌متر ده‌خزێنه ناو كێشه‌كان و باڵ و گرووپه‌كانه‌وه، به‌گوێره‌ی قسه‌ی سه‌ركردایه‌تییه‌كی ئه‌و حزبه، بافڵ تاڵه‌بانی ده‌یه‌وێ به‌هه‌موو جۆرێك پارێزگاری له یه‌كێتیی بكات و وه‌ك حزبێكی نیشتمانی و هاوپه‌یمانی لایه‌نه‌كانی تر بۆ پاراستنی كوردستان به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كێشه‌ی بۆ دروست ده‌كات، لاهوور جه‌نگییه كه جگه له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حزب و كه‌سایه‌تییه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ناكۆكه، له هه‌مان كات له‌ناو حزبه‌كه‌یدا به‌رده‌وام له‌دوای به‌هێزكردنی گرووپه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌یه‌تی كه ئه‌وه‌یش له ڕێی ده‌زگای زانیارییه‌وه ده‌كات، هه‌ر ئه‌وه‌یش وای كردووه لاهوور وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی دژه‌تیرۆر یان كادرێكی ده‌زگای زانیاری ده‌ربكه‌وێ نه‌ك هاوسه‌رۆكی حزبێك.
شاڵاوی كۆسره‌ت له‌ناو جه‌رگه‌ی یه‌كێتییه‌وه له سلێمانی شاره‌كه جێناهێڵێ
هێشتا كۆسره‌ت ره‌سووڵ له مه‌یدانه
باڵوباڵكاری له‌ناو یه‌كێتی مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه، له سه‌رده‌می ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌وه په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ سه‌رده‌می جه‌لال تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی، ئێسته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆسره‌ت ره‌سووڵ تا ئاستێكی زۆر خراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی بڕیاری سیاسیی یه‌كێتی و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نێك به‌ناوی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسیی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی ده‌كات كه هیچ ده‌سه‌ڵات و پێڕه‌وێكی نییه، به‌ڵام ئه‌وه به مانای كۆتاهاتنی كۆسره‌ت ره‌سووڵ نایه‌ت و شه‌ڕی ئه‌و له‌ڕێی كوڕه‌كانیه‌وه به‌تایبه‌ت ده‌رباز كۆسره‌ت ده‌كرێ، هاوكات دابه‌شكاری له‌نێوان كوڕه‌كانیدا كراوه، به‌جۆرێك به به‌رده‌وامی ده‌رباز سه‌رپه‌رشتی ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی له هه‌ولێر و دهۆك ده‌كات، شاڵاوی كوڕیشی له‌ناو جه‌رگه‌ی یه‌كێتییه‌وه له سلێمانی شاره‌كه جێناهێڵێ و له‌وێ ده‌مێنێته‌وه.
كه‌واته سه‌رباری هه‌موو ئه‌و كێشه ناوخۆییه نوێیانه‌ی له‌ناو یه‌كێتی هه‌ن، هێشتا كێشه‌ی كۆسره‌ت ره‌سووڵ كۆتایی نه‌هاتووه، له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی هه‌ر میراتێكی حزبه‌كه، كوڕه‌كانی ئاماده‌ن و به‌شی خۆیان ده‌وێ.
چی بافڵ و قوبادی له ماڵی شێخ جه‌عفه‌ر كۆ كرده‌وه؟
شه‌وی ڕابردوو كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان، له ماڵی شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بڵاو كرایه‌وه.
ئه‌وه ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه و وا ده‌رده‌كه‌وێ ئیتر بافڵ تاڵه‌بانی بێته‌وه مه‌یدان و ڕێ به لاهوور نه‌دات به‌و جۆره‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێ یه‌كێتی هه‌ڵبسووڕێ. ڕوونه كه شێخ جه‌عفه‌ر یه‌كێكه له‌وانه‌ی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ جێگیركردنی یه‌كێتییه له پێگه‌یه‌كی نیشتمانی و هاوپه‌یمانی بۆ یه‌كڕیزی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌یش هۆكارێكی سه‌ره‌كی بووه كه ئه‌و ستافه كۆ بكاته‌وه.
پێده‌چێ ئه‌مجاره بافڵ تاڵه‌بانی نه خاوه‌ندارییه‌كی له باڵ و نه ده‌نووك بكات
"وشه" له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرسه‌وه ده‌ستی كه‌وتووه، سه‌ردانه‌كه‌ی كوڕانی تاڵه‌بانی بۆ ماڵی شێخ جه‌عفه‌ر، به‌شێكی پێوه‌ندی به ڕووداوه‌كه‌ی مانگی ڕابردووی بازگه‌ی تاسڵووجه‌وه هه‌بووه، بافڵ تاڵه‌بانی ویستوویه‌تی پێی بڵێی كه شێخ جه‌عفه‌ر هێشتا له‌ناو یه‌كێتی خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی به‌هێزه و ناكۆكییه‌كی له‌و جۆره له هه‌ڤاڵایه‌تی بۆ یه‌كێتی كه‌م ناكاته‌وه.
بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رقاڵه یه‌كێتی ڕێكبخاته‌وه، حزبه‌كه له‌ژێر كاریگه‌ری سۆشیال میدیا بهێنێته ده‌ره‌وه و خۆی به‌ته‌واوی ڕۆڵ ببینێ. به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ماڵی شێخ جه‌عفه‌ر كۆتایی نابێت، له داهاتوو سه‌ردانی كۆسره‌ت ره‌سووڵ و سه‌ركرده‌كانی تریش ده‌كات.
زۆرجار سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ر هه‌رچه‌ند باڵ بن، ئه‌وان ده‌توانن یه‌ك ده‌نووكیان هه‌بێ، به‌ڵام پێده‌چێ ئه‌مجاره بافڵ تاڵه‌بانی نه خاوه‌ندارییه‌كی له باڵ و نه ده‌نووك بكات، به‌ڵام هه‌ردووكی په‌لوپۆ ده‌كات و ڕێكی ده‌خاته‌وه، به‌وه‌یش به ته‌واوی رقی لاهوور ئه‌ستوورتر ده‌بێت وه‌ك په‌راوێزخراو ده‌رده‌كه‌وێ.