چەندان پزیشكی كوردستان تەندروستیان تێكدەچێت

:: AM:09:06:25/03/2021 ‌
سەندیكای پزیشكانی كوردستان هۆشداری دەدات بە هاووڵاتییان لەسەر تووشبوونی ژمارەیەكی زۆریان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشێكیان پزیشكن و تەندروستیان ئێستە ناجێگیرە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی ئادار، لە ڕاگەیەنراوێكی لقی هەولێری سەندیكای پزیشكانی كوردستاندا هاتووە، لە ماوەی ڕابردوودا سەدان پزیشك تووشی پەتای كۆرۆنا بوون بەهۆی ئەركی فەرمیی پزیشكیان و بەشێكیان بارودۆخی تەندروستیان سەخت بوو، چەندان پزیشكیش ماڵئاوایی یەكجارییان لێ كردین بەهۆی ئەو پەتایە و گیانی خۆیان بەخشی لە پێناو تەندروستیی هاووڵاتییان.

تكا لە هاووڵاتییان دەكەین پابەندبن بەڕێنوێنییەكان تا هەموو لایەك سەلامەت بن

ڕوون كراوەتەوە، لەو ڕۆژانەش دوابەدوای بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان، دووبارە چەندان پزیشك تووشی كۆرۆنا بوون كە بەداخەوە بارودۆخی هەندێكیان ناجێگیرە و لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكرددان.

ئەو سەندیكایە لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەی دەڵێت، تكا لە هاووڵاتییان دەكەین پابەندبن بەڕێنوێنییەكان تا هەموو لایەك سەلامەت بن، ئەو ئەركە قورسەی سەرشانی پزیشكان و كارمەندان كەمتر ببێتەوە و لە خزمەتكردنی نەخۆش و كۆمەڵگە بەردەوام بن.



وشە - رامیار جەواد