ئه‌مڕۆ كه له دنیادا وه‌ك ڕۆژی جیهانیی شانۆ دیاری كراوه، چه‌ند چالاكییه‌ك له هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چن، هه‌روه‌ها شانۆی "پیاوانی ئێمه" نمایش ده‌كرێت.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 27ی ئادار، هاوكات به ڕۆژی جیهانیی شانۆ، چه‌ند چالاكییه‌ك له هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چن كه له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شانۆی هه‌ولێر سه‌رپه‌رشتیی ده‌كرێت.
هیوا سوعاد به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی هه‌ولێر و سه‌رۆكی لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شانۆی هه‌ولێر و لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان، چه‌ند چالاكییه‌ك بۆ ڕۆژی جیهانیی شانۆ، له هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شانۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ڕوونی كرده‌وه، چالاكییه‌كان به پێشوازیكردن له هونه‌رمه‌ندان ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، دواتر داگیرساندنی مۆم به بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی شانۆ به‌ڕێوه ده‌چێت، دواتریش فیلمێك له‌باره‌ی ئه‌و ڕۆژه نمایش ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕۆژی جیهانیی شانۆیه، شانۆی "پیاوانی ئێمه" له نووسین و ده‌رهێنانی خۆم و نواندنی شه‌یما فریاد و شنیار محه‌مه‌د، هه‌روه‌ها كاری دیكۆری هیوا عه‌لی، بێزار سلێمان و ره‌شید تاریق و كاری ڕووناكیی هیوا عه‌لی و موزیكی بێزار سلێمانه‌وه نمایش ده‌كرێت.