گەرمیان.. ژنێك لەلایەن برایەكییەوە كوژرا

:: PM:06:25:27/03/2021 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو لە گوندێكی سنووری ئیدارەی گەرمیان، برایەك دەستڕێژ گوللە لە خوشكێكی دەكات و دەیكوژێت، پۆلیسی گەرمیانیش دووپاتی كردەوە كە تۆمەتبار هەڵاتووە و فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە.  
بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە بووە
عەلی جەمال، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو لە گوندی چەوری سەر بە شارەدێی زینانەی سەر بە شارۆكەی كفری، ژنێكی تەمەن 25 ساڵ بەناوی (ه.م.ك)، دەستڕێژی گوللەی لێ كرا و كوژرا.

زیاتر گوتی، ئەو ژنە خاوەنی دوو منداڵە و تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادی كەلار كراوە، ئاشكرای كرد كە تۆمەتبار هەڵاتووە و بەپێی مادەی 406، فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە .

لای خۆیەوە ئەیووب حوسێن، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی توندتیژی دژ بە ئافرەتان باسی لەوە كرد، لە رێگای "وشە"وە هەواڵەكەمان زانیوە و بەدواداچوونی وردی بۆ دەكەین، ئاماژەی كرد، باس لەوە دەكرێ كە تاوانەكە بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە بووە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل