تەرمی كچە پێشكەشكارێكی كورد لە ماڵەكەی دۆزرایەوە

:: AM:11:16:28/03/2021 ‌
تەرمی ئازادێ نامداری كە كچە پێشكەشكارێكی كوردی ناسراوی تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران بوو، لە ماڵەكەی دۆزرایەوە و گومان لەوە دەكرێ كوژرابێت.

ئاژانسی مێهر بڵاوی كردەوە، دایكی ئازادێ كاتێك بۆ ماڵەوە گەڕاوەتەوە، بینیویەتی كچەكەی گیانی لە دەست داوە و نەخۆشخانەی فریاكەوتنی لە رووداوەكە ئاگادار كردووەتەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە، نامداری خۆی كوشتووە و ئەوەشی خستووەتەڕوو چەند رۆژێك بوو بە تەنیا لە ماڵەوە بووە و دایك و باوكی گەشتیان كردبوو، كاتێك دەگەڕێنەوە تووشی ئەو دیمەنە بوون.

محەمەد شەهریاری سەرپەرشتی دادگای تاوانەكانی ئێران باسی لەوە كردووە، تەرمەكەی بۆ پزیشكی دادوەری گواستراوەتەوە تا توێكاری بۆ بكرێ و هۆكاری مردنەكەی ئاشكرا بكرێت. هێشتا هیچ شوێنەوارێكی لێدان لەسەر جەستەی ئەو كچە نەدۆزراوەتەوە.

ئازادێ نامداری یەكێك بوو لە پێشكەشكارە ناسراوەكانی تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران، لە چەند ساڵی رابردوودا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان قسەوباسی زۆری لەسەر دەكرا.
لە گەشتێكی بۆ سویسرا كۆمەڵێك وێنەی ئەو بەبێ لەچك بڵاو كرانەوە.

ئەو لایەنگرێكی سەرسەختی باڵاپۆشی بوو، بەڵام چوار ساڵ لەمەوبەر لە گەشتێكی بۆ سویسرا كۆمەڵێك وێنەی ئەو بەبێ لەچك بڵاو كرانەوە.

نامداری لەدایكبووی 1984 بووە و خەڵكی شاری سونقوری رۆژهەڵاتی كوردستانە. ئەو لە كەناڵی زاگرۆسی تەلەڤزیۆنی كرماشان دەستی بە چالاكییەكانی كرد، دواتر لە كەناڵی یەكی تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران بووە پێشكەشكاری بەرنامەیەكی خێزانی پڕ بینەر و زیاتر ناسرا، دواتر وەك ئەكتەر لە فیلمیشدا بەشداری كرد.


وشە - سلێمان تاشان