گەورەترین دەستكەوتی هەرێم لە یاسای بودجە ددانپێدانانی عێراق بە فرۆشتنی نەوتی كوردستان بوو

:: PM:02:09:01/04/2021 ‌
كاردانەوەكان لەسەر پەسندكردنی بودجەی عێراق و پشكی كورد لە بودجەكە بەردەوامە، پەرلەمانتاران و چاودێرانی سیاسی و ئابووری پێیان وایە، ئەوەی لە یاساكەدا هاتووە، ددانپێدانانە بەوەی هەرێمی كوردستان سەربەخۆیانە نەوتەكەی بفرۆشێت.
  
ئیخلاس دلێمی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، رێككەوتنی نێوان حكوومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان، زیاتر دەستكەوتی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە و جۆرە ددانپێدانانێكی حكوومەتی ناوەندە بە فرۆشنی نەوتی هەرێمی كوردستان.

ئەو قسانەی باس لەوە دەكەن حكوومەتی هەرێم جۆرێك لە سازشی كردووە، هیچ بنەمایەكی نییە.


ئەو پێی وایە تەواوی ئەو قسانەی باس لەوە دەكەن حكوومەتی هەرێم جۆرێك لە سازشی كردووە، هیچ بنەمایەكی نییە.

هەرێمی كوردستان زیاتر لە 20 جار شاندی رەوانەی بەغدا كرد تا بتوانێ لەگەڵ بەغدا رێككەوتن بكات، دواجاریش ئەو سەردانانە دەستكەوتیان هەبوو سەرەڕای ئەوەی كە بەربەستی رێككەوتنیش زۆر بوون.

سوور بوو لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەغدا رێك بكەوێت


سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە سوور بوو لەسەر ئەوەی لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەغدا رێك بكەوێت و بەڵێنییەكەشی بردە سەر.

ئیحسان محەمەد شارەزای ئابووری بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، چ لە لایەن عەرەبی شۆڤێنی و تەنانەت هەندێك پەرلەمانتاری كوردیش، كاریان بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێم دەكرد، بەڵام ئێستە كە ددانی پێدا دەنێن، وەك ئەوەیە كە ددان بە دەسەڵاتی فرۆشتنی نەوت لە لایەن هەرێمی كوردستان نرابێ وەك وڵاتێكی سەربەخۆ كە نەوتەكەی ساغ دەكاتەوە. بەگوتەی ئەو شارەزا ئابوورییە، وڵاتانی سەربەخۆ لە دنیادا بە دەسەڵاتی ئابوورییان دەناسرێن.

هاوكات رەسووڵ رەئووف ئەندامی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، لەپاش پەسندكردنی بودجەوە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بووەتە پرسێكی نێودەوڵەتی. ئەو دەستكەوتە بۆ كورد زۆر گرنگە و دەكرێ ببێتە بنەمایەكی بەهێز بۆ كوردستان و ناساندنی وەك دەوڵەت.

شه‌وی 31ی ئادار/مارسی 2021، په‌رله‌مانی عێراق بودجه‌ی وڵاته‌كه‌ی په‌سند كرد و رێككه‌وتنی حكوومه‌تی كوردستان و عێراقیشی تێدا جێگیر كرا. ئه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ بوو كه‌ له‌ 2014ـه‌وه‌ كوردستانی لێ بێبه‌ش كرابوو، دوای ئه‌وه‌ی كابینه‌ی نۆی حکوومه‌تی هه‌رێم  له‌ رۆژی سوێندخواردنییه‌وه‌ نیازی خۆی بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور خسته‌ ڕوو و رۆژی دوای سوێندخواردنه‌كه‌ شاندێك  به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سروور بارزانی گه‌یشتنه‌ به‌غدا.

زۆر په‌رله‌مانتار و گرووپی 16ی ئۆكتۆبه‌ریش، هه‌وڵیان دا كوردستان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ و هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانی راده‌ستی به‌غدا بكه‌نه‌وه‌
له‌ ماوه‌ی رابردوو زۆر په‌رله‌مانتار و گرووپی 16ی ئۆكتۆبه‌ریش، هه‌وڵیان دا كوردستان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ و هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانی راده‌ستی به‌غدا بكه‌نه‌وه‌ و به‌گوته‌ی خۆیان 100 هه‌زار واژوویشیان له‌پێناو دابینكردنی مووچه كۆكرده‌وه‌‌، به‌ڵام له‌ 2021دا سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان توانی هه‌رێمه‌كه‌ی بخاته‌ سه‌رپێی خۆی و بێ به‌غدا و قه‌رزیش، مانگانه‌ مووچه‌ی دابین كرد، رێككه‌وتنی بودجه‌یش خواستی خۆفرۆشانی پشتگوێ خست و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و داواكارییه‌كانی دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كانی هه‌رێم تێپه‌ڕێنرا.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی




وشە - سلێمان تاشان