چۆن خۆت بۆ بەڕۆژووبوون ئامادە دەكەیت؟

:: PM:09:12:01/04/2021 ‌

تەنیا چەند رۆژێك ماوە و مانگی رەمەزان دەست پێ دەكات، لەو مانگەدا كاتەكانی نانخواردن گۆڕانكاریان بەسەردا دێت، بۆ راهاتنی لەش لەسەر ئەو دۆخە نوێیە و خۆپاراستن لە كاریگەرییەكانی، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە پێویستە چی بكەیت؟
ئەوانەی ئالوودەی قاوە و جگەرەن پێویستە كەمی بكەنەوە بۆ راهاتن
ئەو گۆڕانە لەناكاوەی سیستمی رۆژانەی خۆراك دەبێتە هۆی دەركەوتنی چەند حاڵەتێك وەك سەرئێشە و هێڵنج و سەرسووڕان و ماندووبوون و بێتاقەتی بەگشتی لەش، بەتایبەتی لە رۆژانی یەكەمی مانگەكە، بۆیە بۆ رێگرتن لەوانە هودا بەنانی، شارەزای بواری خۆراك چەند رێنوێنییەك پێشكەیش دەكات، ئەو دەڵێت كە بەڕۆژووبوون حەسانەوەیەك بە كۆئەندامی هەرس دەبەخشێت، كاتێك لەش خۆی لە مادە ژەهراوییەكان رزگار دەكات كە بەدرێژایی ساڵ كەلەكە بووە.

ئەو مادە ژەهراویانە لە خۆراك و ژینگە و دەرمان یان لەلایەن لەشەوە بەرهەم هاتوون، بەشێكی لەلایەن جگەر و گورچیلە و ریخۆڵە و سییەكان و پێست و هیتریش لە رێگەی پرۆسەی دەرهاوێشتنەوە دەچێتە دەرەوەی لەش، رۆژوویش رێگە بە لەش دەدات خۆی زیاتر لەو ژەهرانە رزگار بكات، بۆ گەیشتن بە تەندروستییەكی باشتر. 

بەنانی دەڵێت، بەر لە هەفتەیەك لە دەست پێكردنی بەڕۆژووبوون، پێویستە سیستمی خۆراكت دەستكاری بكەیت و كەمتری بكەیتەوە و پەنا بۆ ئەو ژەمانە ببەیت كە هەرسكردنیان ئاسانترە، بۆ نموونە سەوزە و گۆشتی سپی وەك ماسی و مریشك و شۆربا و شەربەتی فرێش بخۆیت و لە ژەمە چەور و شیرینەكان دوور بكەویتەوە، هەروەها رۆژانە وەك تێكڕا 1.5 لیتر ئاو بخۆیتەوە، كە لەش گەشاوە دەكات و یارمەتی چالاكبوونی دڵ و جگەر و سییەكان دەدات. 

ئەوانەی ئالوودەی قاوە یان خواردنەوەیترن، پێویستە كەمی بكەنەوە بۆ راهاتن، ئەوانەیشی جگەرەكێشن، دەتوانن سوود لەو مانگە وەربگرن و گۆڕانكاری بكەن بە كەمكردنەوەی، لەو مانگە سەعاتەكانی نوستن لە شەواندا كەم دەبێتەوە، بەوەیش شەكەتی دروست دەبێت، بۆیە پێویستە رۆژانە قەرەبووی بكەنەوە، هەروەها پێویستە خۆت لە چەند هەڵەیەك بەدوور بگریت، وەك خۆاردنی ژەمی خێرا و خواردنەوەی گازی یان زیادەڕۆیی لە خواردن پێش هاتنی مانگەكە، كە تەنیا كاریگەرییەكی دەروونیان هەیە و سوودیان نییە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل