به‌هۆى ڤایرۆسى كۆرۆناوه یەکێك لە دادوەرە ناسراوه‌كانى دادگایکردنی سەدام حوسێن، ئه‌مڕۆ له پارێزگاى به‌غدا گیانی لە دەست دا.
به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست "وشه" كه‌وتووه، دادوەر محەمەد عورەیبی دواى تووشبوونى به ڤایرۆسى كۆرۆنا ته‌ندروستى تێك ده‌چێت و ڕاسته‌وخۆ ده‌گوازرێته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له به‌غدا و ئه‌مڕۆ له میدیاكانى عێراقه‌وه هه‌واڵى ئه‌وه بڵاو كرایه‌وه كه‌وا لە تەمەنی 52 ساڵیدا گیانى له ده‌ست داوه.
"وشه" چه‌ندان جار پێوه‌ندى به كه‌سوكارییه‌وه كرد به‌ڵام وه‌ڵامى پێوه‌ندییه‌كانیان نه‌دایه‌وه. به‌رپرسانى ته‌ندروستى پارێزگاى به‌غدایش ئاماده‌نه‌بوون له‌وباریه‌وه هیچ لێدوانێك بده‌ن.
محەمەد عورەیبی مه‌جید ئه‌لخه‌لیفه، له ساڵى 1969 له ناوچه‌ى كه‌ڕاده‌ى به‌غدا له دایك بووه، له ساڵى 1992 كۆلێژى یاسایى له زانكۆى به‌غدا ته‌واو كردووه، له ساڵى 1998 بووه به قوتابى له په‌یمانگاى دادوه‌رى له به‌غدا، له ساڵى 2000 به مه‌ڕسوومى سه‌دام حوسێن سه‌رۆكى ڕێژمى ئه‌وكات بووه به دادوه‌ر، له ساڵى 2004 بووه ئه‌ندامه‌ى دادگايى تایبه‌ت به دادگایيکردنی سەدام حوسێن، له ساڵى 2006 بووە سەرۆکی دەستەی دووەم لە دادگەی باڵای تاوانەکان، کە تایبەت بوو بە لێکۆڵینەوە و بڕیاردان لە کەیسه‌كانی ئەنفال و سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و بۆردمانکردنی هەڵەبجە و ڕووبەڕووبوونەوەی حیزبە ئاینییەکان لە عێراق و چه‌ندانى دۆسیه‌ى تر. به‌دۆستى كورد ناسرابوو و پیاوێكى پسپۆڕى یاسا بووه.