نرخی نەوت لە ژێر كاریگەری بڕیاری ئۆپێك پڵەس هەڵكشا

:: AM:10:04:03/04/2021 ‌
بەراورد بە هەفتەیەك پێشتر، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەرز بووەتەوە و گرنگترین هۆكاریش بۆ بڕیاری ئۆپێك پڵەس دەگەڕێتەوە و پێشبینی دەكرێ، هەفتەی داهاتوو نرخەكەی زیاتر هەڵبكشێت، چونكە كەمێك دوای كاریگەرییە ئەرێنییەكانی بڕیارەكە، بازاڕی بۆرسە داخرا.

بەگوێرەی dailyfx نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت لە چەند سەعاتی رابردوو، بە 64 دۆلار و 64 سەنت داخرا و رۆژی هەینی لە دواین رۆژی هەفتەبازاڕی بۆرسە نرخەكەی بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا.

لە سەرەتای هەفتەكە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 61 دۆلار و 80 سەنت دەفرۆشرا، بەڵام رووی لە بەرزبوونەوە كرد، تەنیا رۆژانی چوارشەم و پێنجشەم لە نرخی نەوت دابەزی و لە رۆژەكانی تر چارتی گۆڕانكارییەكانی بازاڕی نەوت بە رەنگی سەوز داخرا.

بەهای نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش لە 58 دۆلار و 45 سەنتەوە بۆ 61 دۆلار و 25 سەنت هەڵكشا. 

لە مانگی ئایارەوە بە هێمنی لە رێژەی سنوورداركردنی نەوت كەم دەكەنەوە.


گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە دواین رۆژی هەفتەبازاڕی بۆرسە، بۆ بڕیاری ئۆپێك پڵەس دەگەڕێتەوە. ئەو وڵاتانە بڕیاریان داوە لە سیاسەتی پاڵپشتیكردنی نرخی نەوت بەردەوام بن و لە مانگی ئایارەوە بە هێمنی لە لە ئاستی قەبارەی سنوورداركردنی نەوت كەم بكەنەوە.

کۆبوونەوەی ئۆپێک لە کۆتایی هەفتەکەدا بووە و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بازاڕی نەوت هەڵکشا و پێشبینی دەکرێ کاریگەرییەکانی لە دووشەمی داهاتووەوە زیاتر دەربکەون و بەهای نەوت زیاتر بەرز بکاتەوە.

ئێستە ئەم وڵاتانە رۆژانە حەوت ملیۆن بەرمیل كەمتر بەرهەم دەهێنن و سعوودیەش خۆبەخشانە ملیۆنێك بەرمیل كەمتر دەخاتە بازاڕەوە.



وشە - سلێمان تاشان