ماوه‌یه‌كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به زمانی كوردی، ڕێكلام بۆ ده‌رمانێك ده‌كرێت كه گوایە چاره‌سه‌ره بۆ نه‌خۆشیی مایه‌سیری. پزیشكێكی ده‌رمانسازیش هۆشداری ده‌داته هاووڵاتییان به‌كاری نه‌هێنن.
ئه‌مڕۆ شه‌موو سێی ئادار، دكتۆر هه‌ڵوێست محه‌مه‌د پزیشكی ده‌رمانساز به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "فرۆشتنی هه‌موو جۆره ده‌رمانێك قه‌ده‌غه‌یه کە له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ڕێكلامی بۆ بكرێت و به‌شێوه‌ی بازرگانی به‌سه‌ر هاووڵاتییان تاقی بكرێته‌وه، نه‌خۆش ده‌بێ وریا بێت و ده‌رمان به‌بێ ڕێنوێنیی پزیشكی پسپۆڕ وه‌رنه‌گرێت".
ئه‌و پزیشكه ده‌رمانسازه گوتی، "ده‌رمان و ئامێری (anucure) كه دروستكراوی ئه‌مه‌ریكایه و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی (FDA Approved)ـە، نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌بێ ڕێنوێنیی پزیشكی به‌كار بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تووشی هه‌وكردنی پێست و كێشه‌كانی تری ماسولكه‌ت ده‌كات له ناوچه‌ی مایه‌سیری و شوێنه هه‌ستیاره‌كان".
ڕوونی كرده‌وه، زۆربه‌ی ئه‌و ده‌رمان و ئامێره پزیشكییانه‌ی له فه‌یسبووكه‌وه ڕێكلامی بۆ ده‌كه‌ن، ماوه‌یان به‌سه‌رچووه یان كوالێتی كۆنترۆڵیان نییه و به شێوه‌ی نایاسایی هاتوونه‌ته ژووره‌وه، بۆیه دووركه‌وتنه‌وه له كڕینی ده‌رمان له ڕێی ئۆنلاینه‌وه، سه‌لامه‌تی بۆ خۆت ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌یت.
"مایه‌سیری" نه‌خۆشییه‌كه كه زۆربه‌ی تووشبووانی شه‌رم له باسكردنی ده‌كه‌ن. زۆربه‌ی خه‌ڵك به درێژایی ژیانیان، به لانی كه‌مه‌وه جارێك ئێش و ئازاری ئه‌و نه‌خۆشییه‌یان چه‌شتووه. لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاشكرای ده‌كه‌ن كه نه‌خۆشیی "مایه‌سیری" زیاتر له ناو ژن و پیاوی به‌ساڵاچوودا به‌رفراوانه. هه‌ندێك جاریش مرۆڤ له منداڵییه‌وه تووشی ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌بێت به‌هۆی شلبوونی ماسولكه‌كانی.
كاتێك ڕیخۆڵه به لاوازی كار ده‌كات، نه‌خۆشیی "مایه‌سیری" لێ ده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌گه‌ر كه‌سێك له ماوه‌ی سێ رۆژدا جارێك نه‌چێته ئاوده‌ست، پاشه‌ڕۆ له ناو ڕیخۆڵه‌دا توند ده‌بێ و به‌و هۆیه‌شه‌وه به ئه‌سته‌م ده‌توانێ پیساییه‌كه‌ی له له‌شی ده‌ربكات.