بانكی جیهانیی لەسەر كەڵەكەبوونی قەرز لەسەر شانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆشداری دا

:: PM:01:39:03/04/2021 ‌
بانكی جیهانیی پێی وایە كاریگەرییەكانی كۆرۆنا وایكردووە، باری خەرجییەكانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا قورستر ببێت، بۆیە لە بەرزبوونەوەی قەبارەی قەرزەكان هۆشداری دا.

بانكەكە ئاماژەی داوە لەمساڵدا بڕی ئەو قەرزانە زۆر بەرزتر دەبنەوە، كۆی قەبارەی قەرزەكانیش 54%ی كۆی داهاتی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە پێكدەهێنن. بەو پێیە ئەگەر وڵاتان بیانەوێ قەرزەكانیان بدەنەوە، دەبێ كۆی نیوەی داهاتی نەپاڵاوتووی ناوخۆیان تەرخان بكەن و ئەمەش لە توانای زۆرینەیان بەدەرە.

حكوومەتەكان لە دابینكردنی دەرمان و پێداویستییەكانی پزیشكی و چاودێری، تووشی كورتهێنانی بودجە بوون


بانكەكە لە راپۆرتەكەیدا گوتوویەتی، هۆكاری سەرەكی پەرەسەندنی قەبارەی قەرزەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، حكوومەتەكان لە دابینكردنی دەرمان و پێداویستییەكانی پزیشكی و چاودێری، تووشی كورتهێنانی بودجە بوون و پێشتر ئەو خەرجییە لەسەریان نەبووە، دەبێ پێكوتە و شوێنی تایبەت بە چاودێری پزیشكی و دەرمان بۆ نەخۆشەكان دابین بكەن. ئەمە جگە لەو دەرهاویشتانەی بەهۆی رێكارەكان هاتوونەتە كایەوە.

بەگوێرەی شەفەقنا رێكخراوەكە پێشبینی كردووە، قەبارەی قەرزەكانی ئەو وڵاتانەی هاوردەكاری نەوتن، لەوانەیە لە ساڵی 2021 بۆ 93%ی بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی بەرز ببێتەوە.

بانكەكە پێی وایە هێشتا دۆخەكە ئەوە دەخوازێت وڵاتان لە دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا یارمەتی بدرێن.



وشە - سلێمان تاشان