وشكەساڵی هەڕەشە لە چەند پارێزگایەكی ئێران دەكات

:: PM:04:22:03/04/2021 ‌
بەهۆی وشكەساڵی و كەمبوونەوەی رێژەی باران لە چەند پارێزگاكانی ئێران، وشكەساڵی بووەتە هەڕەشە و  بەرپرسێكی فەرمانگەی دارستان و پاوان لە ئێران دەڵێ، رێژەی باران لەمساڵدا 40% كەمی كردووە.

ئەبولقاسم حوسێنپوور بەڕێوەبەری گشتی نووسینگەی كۆنترۆڵی باران و لافاو و پاوان و دارستانەكان ئاماژەی داوە، بڕی باران لە ئێران لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەردەوام كەمی كردووە و بەگشتی ئەو دۆخەی لە رووی كەشوهەوا و رێژەی باران لەو وڵاتە هاتووەتە كایەوە، لە نیو سەدەی رابردوو وێنەی نەبووە.

بەرپرسەكە ئاماژەی داوە تەنیا چوار پارێزگای ئێران بە شێوەیەكی نۆرماڵ بارانیان هەبووە، بەڵام هەندێك پارێزگا بە رێژەی 85% لە بارانەكەیان كەمی كردووە.
400 هەزار دۆنم لە گەنمی دێمەكار بەهۆی كەمیی باران لەناو چووە.

توورەج نەورۆزی  یاریدەدەری بەرهەمهێنانی رووەك لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی پارێزگای خووزستان لە باشووری ئێران ئاشكرای كرد، 400 هەزار دۆنم لە گەنمی دێمەكار بەهۆی كەمیی باران لەناو چووە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، ئیسماعیل حوسێن زەهی نوێنەری سیستان و بەلووچستایش، لە پارێزگاكەی دۆخی قەیراناوی راگەیاندووە و گوتوویەتی، شەپۆلی كۆچی خەڵك لە گوندەكانەوە بۆ شار دەستی پێ كردووە.

لە پڕۆژەی بودجەی ئەمساڵی ئێران 28 ملیار و 300 ملیۆن تمەن بۆ پاراستنی خاك و پڕۆژەكانی ئاودێری تەرخان كراوە، بڕێكی زۆر كەمە و لە ئاستی پێداویستیی و كێشەكاندا نییە.



وشە - سلێمان تاشان