كۆرۆنا چۆن كار دەكاتە سەر چاو؟

:: PM:08:07:03/04/2021 ‌

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێك بەسەر سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە تا ئێستە گەورەترین زیانی لە مرۆڤایەتی داوە و رۆژانە هەزاران كەس تووشی دەبن و پێی دەمرن، بەڵام توێژینەوەكان شتی نوێی لەسەر ئاشكرا دەكەن، سەنتەرێكی خۆپارێزیی رووسی ئاماژە بۆ كاریگەریی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لەسەر بینین و چاو دەكات.

ماریا بیتینا، سەرۆكی سەنتەری رووسی بۆ دەستنیشانكردن و خۆپاراستن و چارەسەری لە كۆرۆنا لە بیلارووسیا دەڵێت، دوای تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاترین كاریگەری بریتییە لە شێوانی بینین لە كەسی تووشبوودا، گوتی، ئاستی بینین كەم دەبێتەوە، ئەوەیش بەهۆی تێكچوونی مولوولەكانی خوێن. 
ئەگەر بینینت لاواز بووە یان پەڵە لەبەرچاوت دەردەكەوێت سەردانی پزیشك بكە
زیاتر گوتی، رێكخراوی تەندروستی جیهانی چەند گرژبوونێكی لە ماسولكەی چاو دەستنیشان كردووە، جیا لە شێوانی كاری هەستە دەمارەكانی چاو و دروستبوونی هەوكردن بە تۆڕی چاو، ئەوانە وەك نیشانە بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئەو شارەزایە روونی كردەوە، چەند توێژینەوەیەك باسی ئەوە دەكەن چاو دەروازەی چوونەژوورەوەی ڤایرۆسەكەیە بۆ لەش، بۆیە بە پلەی یەكەم كاریگەر دەبێت، ئەوەیش بەهۆی ئەوەیە كە ژمارەی هایدرۆجینی (پلەی ترشێتی) ڤایرۆسەكە هاوتایە لەگەڵ ژمارەی هایدرۆجینی فرمێسك، بۆیە هەر بە گەیشتنی ڤایرۆسەكە بۆ پەردەی لینجی چاو، وا هەست دەكەیت كە چاوەكانت دەتوێنەوە، لە كاریگەرییەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا هەوكردنی ناوپۆش و پیڵووەكانی چاوە. 

بەپێی ئەو شارەزایە بۆ پاراستنی چاوەكان دەبێت خۆراك بەشێوەیەكی تەندروست بخۆیت و تەنیا دەستەوانە و ماسك نەبەستیت، بەڵكو چاویلكەی خۆپارێزیش، جیا لەوە دەستی پیس لە چاوت مەدە و ئەگەر هەستت كرد ئاستی بینینت لاواز بووە یان پەڵە لەبەرچاوت دەردەكەوێت، پێویستە سەردانی پزیشك بكەیت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل