دوای رێككەوتنی هەولێر و بەغدا و پەسندكردنی یاسای بودجەی عێراق، كە پشكی هەرێمی كوردستانی تیادا جێگیر كرا، ماوەی چەند رۆژێكە بازاڕی خانووبەرە لە شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو جووڵەی تێ كەوتووە .
لەماوەی رابردوودا بەهۆی سەرهەڵدانی نەخۆشی كۆرۆنا و كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، كاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕی خانووبەرە دروست كردبوو، خاوەن نووسینگەیەكی خانووبەرە ئاشكرای دەكا كە كڕیاری خانوو و زەوییان لە ئەوروپایش بۆ پەیدا بووە .
دوای پەسندكردنی بودجە خەڵك ئومێدی بۆ پەیدابووەتەوە
فەتحی مەغدید، خاوەن نووسینگەی خانووبەرە لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، رۆژانە گریبەستی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی و دوكان لە نووسینگەكەمان دەكرێت، ئێستە جیاوازی زۆر هەیە و ئەوەیش بۆ باشبوونی دۆخی دارایی و سەقامگیریی بازاڕ دەگەڕیتەوە .
زیاتر گوتی، رۆژی پەسەندكردنی بودجەی عێراق و جێگیركردنی پشكی هەرێم، راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بازاڕی خانووبەرە لە دەڤەرەكەمان دروست كرد و كڕیاری زۆربەی شوێنەكانمان هەیە، بەڵام خەڵك چاوی لێیە هێشتا دۆخەكە باشتر بێت تا بە نرخی زۆر باش بیفرۆشن، لەكاتێكدا پێشتر بە مانگ گرێبەستی كڕین و فرۆشتنمان نەدەكرد .
زانیار سابیر، خاوەن نووسینگەی "كۆشكی سلێمانی" لەبارەی بازاڕی خانووبەرەی شارەكە بە "وشە"ی راگەیاند، چەند رۆژێكە جووڵە بەر بازاڕی خانووبەرە كەوتووە و خواستی زۆری لەسەرە و خەڵكێكی زۆر پێوەندی دەكات، بە بەراورد بە 15 رۆژ پێش ئێستە جیاوازییەكی زۆری دروست هەیە، پڕۆژەی نیشتەجێبوونەكانی بەقیست بەهۆی دڵنیابوونەوە لە دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا و باشتربوونی دۆخی دارایی خەڵك، خواستی بە رادەیەك لەسەر دروست بووە، خانوو و پڕۆژەی فرۆشتن بە كەمی پەیدا دەبێت و نەماوە .
ئەو خاوەن نووسینگەیە دەڵێت، فرۆشیار و كڕیار لە چینی مامناوەند زیاترە و تا خانووێكی 20 دەفتەر دۆلاری (200 هەزار دۆلار)، مامەڵەی پێوە دەكرێت، 10 خانووی سێ دەفتەری دەڕوات، ئەو ماوەیە كڕیاری ئەوروپیشمان زۆر بووە و خەڵك پێوەندی دەكات و زەوی و خانوو لە سلێمانی دەكڕن .
لای خۆیەوە غەیدا بێڕۆخی، شارەزای ئابووری بۆ "وشە"ی شی كردەوە و گوتی، پەسەندكردنی بودجە و دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا، دەبێتە هۆی ژیانەوەی بازاڕ، بەتایبەتی بازاڕی خانووبەرە، لەكاتێكدا لەماوەی رابردوو بازاڕ بەهۆی پەسندنەكردنی بودجە و دابەشنەكردنی مووچەوە، ساردی و نائومێدی تێكەوتبوو، روونی كردەوە، خەڵك بەردەوام بیری لای هاتنی مووچە بوو، بۆیە بازاڕی خانووبەرە بەتەواوەتی وەستا بوو و ئەو بڕە پارەی مووچەخۆر وەری دەگرت، تەنانەت بەشی تەواوی پیداویستی رۆژانەی نەدەكرد، بەڵام دوای پەسەندكردنی بودجە بازاڕ گەرموگوڕی تێكەوتووە و خەڵك ئومێدی بۆ پەیدابووەتەوە .
بێڕۆخی روونی كردەوە، ئابووری و سیاسەت پێوەندییەكی بەهێزیان بەیەكەوە هەیە، هەر كاتێك دۆخی سیاسی باش بێت، بازاڕیش روو لە باشبوون دەكات، لە بازاڕی خانووبەرەدا سەقامگیریی ئابووری زۆر گرنگە بۆ مامەڵەكردن، پێشتر خەڵك ئەگەر پارەیشی هەبووایە متمانەی بە كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە نەبوو كە سوودی لێ ببینێت، بەهۆی ئاڵۆزی و نالەباریی دۆخەكەوە كەس نەیدەتوانی پارچەیەك زەوی بكڕێ و خاوەن زەویش بۆی نەدەفرۆشرا، هەروەها گەرموگوڕیی بازاڕ و هەبوونی ئیشوكاریش بەندە بە هەبوونی مووچە و دابەشكردنی لەكاتی خۆیدا، بۆیە پەسندكردنی بودجە دەبێتە هۆی بووژانەوەیەكی بەرچاوی بازاڕی خانووبەرە .
سۆران/ موڕشید برادۆستی