میدیا رەئووف بێگەرد: زمانی جەستە مانایەكی جیاوازتری هەیە لەو مانا تەقلیدییەی كە پێی ڕاهاتووین

:: AM:10:12:04/04/2021 ‌
فرمێسك مستەفا ئەكتەر و شانۆكاری دیاری كورد، لەدوای بڕیاری دووبارە داخستنی هۆڵەكانی سینەما و شانۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پابەندبوون بە ڕێنوێنییەكانی تەندروستی، پێشنیارێكی ڕاگەیاندووە كە بریتییە لە كردنەوەی خولی دیداری ژنانی شانۆكار بە ئۆنلاین، لەو پڕۆژەیەی فرمێسكدا چەندان مامۆستای شانۆ پشتگیرییان كردووە.

میدیا ڕەووف بێگەرد كە یەك لە شانۆكارە زۆر دیارەكانی كوردستانە و لە دەیان شانۆییدا رۆڵی بەرچاوی هەبووە، لەم پڕۆژەیەی فرمێسك مستەفادا بەشدار دەبێت و تێیدا لە وۆركشۆپێك باس لە (جەندەر و جەستەی ژن) دەكات. 

 وەك سەرەتا میدیا رەئووف گوتی، كاتێ خاتوو فرمێسك مستەفای شانۆكار پێوەندیی پێوە كردم كە جارێكی تر دیداری خانمان بۆ خولی دووەم ئەنجام دەداتەوە، گەلێك دڵخۆش بووم، چونكە دیداری یەكەم كە خۆشم بەشدار بووم بە سیمینارێك، زۆر سەركەوتوو بوو. 

ئەو دەڵێ، ئەم دیدارەیان زۆر تایبەتترە، چونكە لە زەمەنی كۆرۆنادا ئەنجام دەدرێت و هەموومان دەزانین كە چەند ساتێكی سەختە بەتایبەت بۆ شانۆكاران كە ناتوانن بچنە هۆڵی نمایشەوە. بەڵام شانۆكاران دەستەوەستان نابن و دەیانەوێ وەك چۆن شانۆكارانی دنیا بە ئۆنلاین كارەكانیان ئەنجام دەدەن، ئەمانیش بوونیان هەبێت و سوود لە تەكنۆلۆجیا ببینن.  بۆیە ئێمە ئێستە بە ئۆنلاین وانەكانمان دەڵێینەوە و پاشان ئەگەر گونجا لە كوردستان بە كردەنی ئیشەكانمان ڕادەپەڕێنین.

میدیا زیاتر دەڵێ من لەم وۆركشۆپەدا باس لە (جەندەر و جەستەی ژن) دەكەم، جەستە پرۆسەیەكی گرنگی بینراوە كە ڕۆژانە بەبەردەوامی ئامادەیی هەیە، بەركەوتە و ئاماژە (جووڵە)ی جیاوازی لێ دەبێتەوە لە ناو پرۆسەی ژیانكردندا. هەندێك لەو ئاماژانە سروشتین و لە منداڵییەوە لەگەڵماندا هاتووە، هەندێكیان ناسروشتی واتە (وەرگیراو) لە دەرەوەی خۆمانن. كەواتە هەموو جەستەیەك هەڵگری چەندان جووڵە و چیرۆكی جیاواز و فرەڕەهەندە. لێرەدا تۆ بە بەردەوامی مێژوویەك لەسەر جەستەت دەنووسیتەوە، ئەو مێژووەش بریتییە لە هەموو ئەو ئەزموونە جیاوازانەی جەستەت دەبێتە هەڵگری لە سەرچاوەی جیاواز جیاوازەوە.

روونی كردووەتەوە كە ئەو وەك شانۆكارێك پێی وایە جەستە گرنگییەكی تایبەتی هەیە، بۆیە ئەم بابەتەشی هەڵبژاردووە.  دەڵێ سەرەتا وانەكانم بە تیۆری باس دەكەم و پاشان دەچمە قۆناغی كردەنییەوە. 

بەپێی بۆچوونی میدیا رەئووف، لای ئەو وەك شانۆكارێك زمانی جەستە مانایەكی جیاوازتری هەیە لەو مانا تەقلیدییەی كە پێی ڕاهاتووین. بۆیە دەڵێ بۆ من گرنگە خاوەنی جەستەی خۆم بم و لێی تێبگەم، بزانم چی دەوێت دوور لە كاریگەرییەكانی دەرەوە و بەخواستی خۆم كار بكات بەپێی پێویستییەكانم، نەك بەخواستی ئەوەی دەرەوی من، جا ئەوەی دەرەوەی من دەسەڵات، كۆمەڵگا، ئاین و هەرچییەك بێت، ئەمەش شارەزایی، ڕاهێنان و خودئاگایی دەوێت تا ببیتە خاوەنی جەستەی خۆت. 

مدیا زیاتر دەڵێ بەڕای من زانستی جەندەر، دەتوانێ وەڵامی گەلێك لەو پرسیارانە بداتەوە كە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە جەستەوە هەیە، بەتایبەت ئەگەر بچینە قووڵایی پێوەندی نێوان جەستە و كولتووری جیاواز. من خۆم لە بەغدا، سووریا، دانمارك و چەندان شوێنی تر نمایشم كردووە، بۆم دەركەوتووە كە جەستەم لە ناو هەر كولتوورێكی جیاوازدا خۆی جیاواز پێشان دەدات بەپێی زانستی جەندەر. 

دواتریش دەڵێ لێرەدا چەندان پرسیار دروست دەبێت: 
- ئایا جەندەر چییە و چ پێوەندییەكی بە جەستەوە هەیە؟
- ئایا جیاوازیی كولتوور كاریگەریی هەیە لەسەر گۆڕینی دەلالاتی زمانی جەستە؟ 
- ئایا دەتوانین جووڵە ناسروشتییەكان (وەرگیراوەكان)  لە خۆمان دوور بخەینەوە و ببینە خاوەنی جووڵەی خۆمان؟

ئەم وۆركشۆپە وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە و كۆنسێپتی كارەكان بە وانەی تیۆری بە ئۆنلاین دەست پێدەكات لەربارەی (جەندەرو جەستەی ژن) وەك میكانیزم و شێواز، پاشان بەشێوەیەكی كردەنی و بە پیرفۆرمانسێك كۆتایی دێت لەلایەن بەشدارانەوە.











وشە - وشه‌