لیژنەی لێكۆڵینەوە گەیشتە سلێمانی

:: AM:11:18:04/04/2021 ‌
لیژنەی لێكۆڵینەوە لە پەرلەمانی كوردستان، گەیشتە سلێمانی و دەستی كردووە بە لێكۆڵینەوە لە هۆكاری تەقەكردن لە بارەگاكانی پارتی لە سلێمانی. گوتەبێژی پارتی لە سلێمانیش دەڵێت، ئەو تەقەكردنە دەبێتە هۆكاری ناشیرینكردنی دەڤەری سلێمانی.

ئەمڕۆ یەكشەم چواری نیسان، پێشەوا هەورامی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆنامەوانیدا ڕای گەیاند، لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی زانینی هۆكاری تەقەكردن لە بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەدواداچوون دەكەن و كۆمەڵێك بەڵگەنامە هەیە دەیخەینەڕوو و ئەو لیژنەیە بەڕوونی لێكۆڵینەوە دەكەن.

ئەو پەرلەمانتارە گوتی، ئەو بابەتە گرنگە، چونكە خەریكە دەبێتە دیاردە و دوای كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایش و پارێزگاری سلێمانی، سەرجەم وردەكارییەكان بۆ ڕای گشتی و هاووڵاتییان دەخەینەڕوو.

سەرجەم وردەكارییەكان بۆ ڕای گشتی و هاووڵاتییان دەخەینەڕوو
فارس نەوڕۆڵی گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، ڕای گەیاند، ئەو تەقەكردنە دەبێتە هۆكاری ناشیرینكردنی دەڤەری سلێمانی كە بە شاری ڕۆشنبیری ناوبانگی دەركردووە.

ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، پێویستە ڕێگری بكرێت لەو كارە ناشیرینە و هۆكارەكەشی بزانرێت بۆچی بارەگای پارتی دەكرێتە ئامانج.

لە ساڵی 2019 پێنج جار تەقە لە بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە كراوە، دواین جاریش ڕۆژی 18ـی ئاداری ئەمساڵ جارێكی تر تەقە لە بارەگای پارتی كرا، مەكتەبی سیاسیی پارتی داوای لێكۆڵینەوەی خێرای لە هۆكاری تەقەكردن لە بارەگاكانی پارتی كرد.




وشە - رامیار جەواد