لە شەوی رابردووەوە باسی هاتنی بارستە هەوایەكی ژەهراوی لە ئیتاڵیاوە بۆ ناوچەكە دەكرێت، كە ئەمشەو عێراق و هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، شارەزایان باسی پێكهاتەكە و مەترسی و چۆنیەتی خۆپاراستن لێوەی دەكەن.
مەحموود عەبدوللەتیف، پێشبینیكاری دێرینی كەشوهەوا دەڵێت، ئەو بارستە هەواییە لە گازی دووەم ئۆكسیدی كبریت پێكهاتووە، ئەو لە چینە بەرزەكانی هەوادا دەبێت، لە دوورگەی سقڵیەی ئیتاڵیاوە هاتووە و لە رێگای سووریا دەگاتە عێراق.
زیاتر گوتی، بەپێی راپۆرتەكان هەور و بای لەگەڵ دەبێ و وشك دەبێ و كار دەكاتە سەر كۆئەندامی هەناسەدان و چاو، هەروەها مانەوەی بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ رەنگە ببێتە ترشە باران، كە زیان بە بەرووبوومی كشتوكاڵی دەگەیەنێت.
پێویست بە ترس و دڵەڕاوكێ ناكات قەبارەیەكی گازی تێپەڕیوە لە چینە بەرزەكانی هەوادا
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ خەڵك چی بكات و چۆن خۆی بپارێزێت؟، گوتی، پێویستە ئەوان سێ شت بكەن، دەمامك ببەستن و پەنجەرەی ماڵەكانیان دابخەن و ئەوانەیشی كێشەی هەناسەیان هەیە زیاتر خۆیان بپارێزن لەگەڵ پاراستنی چاوەكانیان، چونكە رەنگە ئەو بارستە زیاتر لە 24 سەعات بەردەوام بێت.
لەبارەی وادەی هاتن و چوونی ئەو بارستە هەوایە، پێشبینیكارانی عێراق باسی هاتنی ئەمشەو دەكەن و چوونیشی سبەی دەبێت، هەندێكیان بەیانییەكەی و هەندێكیان دوای نیوەڕۆ، سادق عەتییە، پێشبینیكاری كەشوهەوا دەڵێت، عێراق ناكەوێتە ژێر كاریگەرییە ژەهراوییەكانی و بەیانیی سبەی بەتەواوەتی نامێنێت، دوێنێ كاری لە میسر و وڵاتی شام كردووە و خەریكە بەهێواشی بەرەو عێراق دێت و ئەمشەو دەگات و بیەانی سبەی تێدەپەڕێ و كاریگەری نەرێنی نابێت.
بەپێی ئەو شارەزایە ئەمشەو لە سەرانسەری عێراق باران نابارێت، ئەوەیش شتێكی باشە و وا دەكات كاریكەری نەبێت، بەگشتی 12 سەعات لە ئاسمانی عێراق دەمێنێتەوە، بۆیە ئەگەر بەردەوام بووایە، زیانی تەندروستی بۆ ئەوانە دەبوو كە هەستیاریی و هەوكردنی پێستیان هەیە یان دەبووە هۆی ژەهراویبوونی زیندەورەان.
رەیحان عەجەمی، چاودێریكارێكی تری كەشوهەوا دەڵێت، ئەو بارستە هەوایەی دێتە ئاسمانی عێراق پێویست بە ترس و گەورەكردن ناكات، چونكە قەبارەیەكی گازی تێپەڕیوە لە چینە بەرزەكانی هەوادا و ئەو قسانە راست نین كە باسی دروستبوونی ترشە باران و سووتان دەكەن.