شازادەكەی ئوردن بە دەست تێكەڵكردن لەگەڵ وڵاتێكی دەرەكی تۆمەتبار دەكرێت

:: AM:10:36:05/04/2021 ‌
دوای گرتنی ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای ئوردن بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی كودەتا لەو وڵاتە، زانیاری نوێ لەسەر هۆكاری گرتنیان ئاشكرا دەكرێت.

ئەیمەن سەفەدی جێگری سەرۆك وەزیرانی ئوردن، حەمزە بن حوسێن جێنشینی پێشووی شای ئوردنی بەوە تۆمەتبار كرد كە هەوڵی داوە ئاسایش و سەقامگیری وڵات بشێوێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەستی لەگەڵ وڵاتێكی بیانی تێكەڵ كردووە.

بە گوتەی سەفەدی، بەرپرسانی تەناهی ئوردن لە ماوەی رابردوودا تەواوی پێوەندییە تەلەفۆنییەكانی جێنشینی پێشووی ئوردنیان كۆنترۆڵ كردووە، بۆیان دەركەوتووە دەستی لەگەڵ وڵاتێكی دەرەوە تێكەڵ كردووە. ئەو ئاماژەی بە ناوی وڵاتەكە نەكردووە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، لە بەرانبەردا حەمزە بن حوسێن تەواوی ئەو تۆمەتانەی رەت كردووەتەوە و لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا گوتوویەتی، لەگەڵ هاوسەرەكەی و منداڵەكانی لە ماڵەكەی دەستبەسەر كراون.
16 تا 18 كەس لەو كەسانە گیراون كە تۆمەتی ئەنجامدانی كودەتایان بەسەردا سەپێنراوە.

لە دوو رۆژی رابردوودا 16 تا 18 كەس لەو كەسانە گیراون كە تۆمەتی ئەنجامدانی كودەتایان بەسەردا سەپێنراوە. جێگری سەرۆك وەزیرانی ئوردن ئاماژەی داوە، لێكۆڵینەوەكانیان هێشتا بەردەوامە.

سەفدی گوتوویەتی شا عەبدوڵا خەریكی ئەوەیە ناكۆكییەكان لە ناو بنەماڵەی پاشایەتی چارەسەر بكات، ئومێدی ئەوەی دەربڕیوە جێنشینی پێشووی ئوردن بە خۆیدا بچێتەوە و بە یەكجاری واز لەو هەوڵانەی بهێنێت.

پێویستە بگوترێ دوێنێ یەكشەم، هەریەك لە سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پشتیوانی خۆیان بۆ شا عەبدوڵا و شانشینی ئوردن دەربڕی. هاوكات ئەمەریكا و كۆمەڵێك وڵاتی تر بە رووداوەكانی ئوردن نیگەران بوون و پشتیوانیان لە شا عەبدوڵا كرد.



وشە - سلێمان تاشان