ئێران بڕیاری دا لە پێوەندییەکانی دەرەوەی تەنیا پشت بە چین و رووسیا ببەستێت

:: PM:02:46:05/04/2021 ‌
ئێران خەریکی رێکخستنەوەی پێوەندییەکانی دەرەوەیەتی دوای ئەوی بۆ ماوەیەکی زۆر لە لایەن وڵاتانی دنیاوە پەراوێز خرا بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵانەی گرتیە بەر. ئەو وڵاتە دەیەوێت لە پێوەندییەکانی دەرەوەی تەنیا  پشت بە چین  ورووسیا ببەستێت.


محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، وێڕای بەرگریی لەو رێككەوتنەی لەگەڵ چین كردوویەتی، گوتی تا 10 ساڵی تر ئێران لە پێوەندییە بازرگانییەكانی دەرەوە، زیاتر پشت بە چین و رووسیا دەبەستێت.

بەگوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا پێگەی زلهێزەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، ئەمەریكا هەموو هەوڵێك دەدات تا بتوانێت پێش بەو دۆخە بگرێت، بەڵام سەر ناگرێت.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا زەریف بە شانوباڵی چیندا هەڵدەڵێت و دەڵێت، چین لە هەموو بوارێكدا گەشەی كردووە و خەریكە لە بواری تەناهیش پێش ئەمەریكا بكەوێت.

هەفتەی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران و چین، رێككەوتننامەیەكی 25 ساڵییان لەگەڵ یەكتردا واژوو كرد. هێشتا وردەكارییەكانی ئەم رێككەوتنە بۆ میدیاكان ئاشكرا نەبووە، لە ناوخۆی ئێران رەخنەیەكی زۆری بەدواوە بووە.

پاساوی ئێران بۆ ئاشكرانەكردنی وردەكاری رێككەوتنەكە ئەوەیە، چین لەبەر هەندێك پرسی پێوەندیدار بە گەمارۆكانی ئەمەریکا حەزی نەکردووە ناوەڕۆک ئاشکرا بکرێت.
لە تاران و چەند شارێكی ئێران چەند گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی ئەنجام دراون

لە تاران و چەند شارێكی ئێران چەند گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی ئەنجام دراون و دروشمی ئەوە بەرز كراوەتەوە كە خاكی ئێران بۆ فرۆشتن نییە.

هاوینی رابردوو بەشێك لە وردەكاری رێككەوتننامەكە دزەی كردبوو كە پێشانی دەدات، كۆمپانیاكانی چین لە كەرتی وزەی ئێراندا رۆڵیان لە وەبەرهێناندا دەبێت. 


وشە - سلێمان تاشان