بەڕێوەبەرایەتییەك بە نۆ جۆر لە شەهید و كەسوكاری شەهیدان دۆسیەی شەهیدانی لای خۆی نییە

:: PM:03:17:05/04/2021 ‌
كامەران مستەفا بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" ڕای دەگەیەنێت، چاكسازییەكانی حكوومەت لە سنوورەكە زۆر بەباشی جێبەجێ‌ كراون، بەمنزیكانە لیژنەی پشكنین بۆ دووبارە پشكنینەوەی فایلەكانی بریندارانی چەكی كیمیایی و پشكنینی ئەوانەی كە تائێستە پشكنینیان بۆ نەكراوە، بۆ ئەوەی شایستەیە مینحەی بۆ ببڕێتەوە. 

كارەكانی پێداچوونەوە بە دۆسیەی شەهیدان بۆچی وەك پێویست نییە؟

تا ئێستە دۆسیەی شەهیدان نەهاتووەتەوە بۆ هەڵەبجە و ئەو دۆسیەیە لە سلێمانییە، ئێستەیش هەموو هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە كە سەرجەم دۆسیەكانی تایبەت بەشەهیدان بگەڕێنینەوە بۆ هەڵەبجە، بەڵام نەكراوە، هۆكاری  بۆ كەمی فەرمانبەرمان هەیە بە جۆرێك بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی 23 فەرمانبەری هەیە، بەشێكیانیش ئاستی خوێندەوارییان بەشێوەی پێویست نییە، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پێكهاتووە لە هەشت بەڕێوەبەرایەتی و 17 ژوور و بەشی جیا، بۆیە فریای زۆر كار ناكەوین.

زۆر لە هاووڵاتییان و كەسوكاری شەهیدان گلەیی ئەوەیان هەیە بۆ كارەكانیان ماندووبوونێكی زۆر دەكێشن، ئەویش بەهۆی نەبوونی دۆسیەكانیان لە هەڵەبجە، بۆچی دۆسیەكە ناگوازرێتەوە بۆ هەڵەبجە؟

ئێمە داوامان كردوە تەنیا 10 فەرمانبەرمان بۆ دامەزرێنن، بێگومان هەمان ڕۆژ سەرجەم دۆسیەكان لە سلێمانی بۆ هەڵەبجە دەگوازینەوە، هەروەها ڕەنگە بگوترێت كاروباری 23 فەرمانبەرەكەی تر چییە؟. ڕاستییەكە ئەو هەموو ئامادەكارییە دەكرێ‌ بۆ لیستی مووچە و كاروباری ئەو هاووڵاتییانەی لەو بەڕێوەبەرایەتییە كاریان هەیە ئێمە بۆیان جێبەجێ‌ دەكەین.

كەی دووبارە پشكنینی بۆ بریندارانی چەكی كیمیایی دەكرێ‌؟

لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان بڕیار دەرچووە و چاوەڕوانی لیژنەی وەزارەتی تەندروستین، بۆ ئەوەی جارێكی تر لیژنەكە بێتە هەڵەبجە و پشكنین دەست پێ‌ بكاتەوە، ئەو لیژنەیە سەرەتا كار لەسەر ئەو دۆسیانە دەكەن كە وەك بەركەوتەی چەكی كیمیایی تا ئێستە تۆمار كراون، بەشی دووەمی كاری لیژنەكە بریتی دەبێت لە تۆماری ناوی ئەو كەسانەی داوایان كردوە تۆمار بكرێن.

ماوەی دوو ساڵە بەهۆی نەبوونی لیژنە و نەهاتنی بۆ هەڵەبجە، كارەكانیان جێ‌بەجێ‌ نەكراون

هیچ فەرمانێك بۆ كەسانی تۆماری یەكەمجار هەیە كاری لەسەر نەكرابێت بەهۆی نەهاتنی لیژنە؟

30  بەركەوتەی چەكی كیمیاییمان هەیە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان فەرمانیشیان بۆ دەرچووە، ماوەی دوو ساڵە بەهۆی نەبوونی لیژنە و نەهاتنی بۆ هەڵەبجە، كارەكانیان جێ‌بەجێ‌ نەكراون، ئەو لیژنەی كاریان بریتیە لە پشكنین لە پسپۆڕی سینگ و چاو و دەتوانن كارەكانیان بكەن.

ژمارەی ئەو كەسانە چەندە لای ئێوە مووچە وەردەگرن؟

دۆسیەی شەهیدان لە هەڵەبجە زۆر فراوانە، بەڵام ئێمە مووچەی 171 كەس لامانە و كاری تێدا دەكەین، 400 كەسیش مووچەی بەركەوتە وەردەگرن، لیژنەكە دەتوانێت لێرە پێداچوونەوە بە فایلەكانیان بكات و ژمارەی زۆریش دۆسیە لە سلێمانییە و كاری زۆریش لەو فایلانە كراوە.

پێداچوونەوە بە دۆسیەی شەهیدان بۆچی لەو سنوورە هێندە ئاڵۆز بووە؟

دۆسیەی شەهیدانی هەڵەبجە و گەرمیان زیاتر لە 15 هەزار دۆسیەیە، پێویستە ئەوەیش بزانرێت تا ئێستە دۆسیەی شەهیدانی یەكێتیی و پارتی جیاوازە ئەوەیش پێویستی بەڕێكخستنەوەیە بۆیە كاركردن لە دۆسیەی شەهیدان لەو سنوورە زۆری دەوێت و پێویستی بە وردی كاركردن هەیە تا هەموو دۆسیەكان یەكلا دەبێتەوە.

ئەو لیژنەیە بڕیارە بە زووترین كات دەستبەكار بن و تەواوی ئەو كەسانە بپشكنن كە بەركەوتەی چەكی كیمیایین

یاسای چاكسازی دەتوانێ خزمەت بە دۆسیەی ناوەكانی دووبارە پشكنینەوەی بریندارانی چەكی كیمیایی  بكات و یەكلایان بكاتەوە؟

ئەو لیژنەیەی یاسای چاكسازی لە دۆسیەی شەهیدان بكات، پێویستە ئێستە تەنیا كات و شوێنی دەستبەكاربوونی ئەو لیژنەیە بۆ دووبارە پشكنینەوەی بریندارانی چەكی كیمیایی و پشكنینی ئەوانەی كە تا ئێستە پشكنینیان بۆ نەكراوە، بۆئەوەی ئەوەی شایستەیە مینحەی بۆ ببڕێتەوە، ئێستە ئەو لیژنەیە بڕیارە بە زووترین كات دەستبەكار بن و تەواوی ئەو كەسانە بپشكنن كە بەركەوتەی چەكی كیمیایین كاریان بۆ بكرێ.

هەمیشە گرفتەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەڵەبجە جیاوازە بۆچی؟

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازە لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان لەسەر ئاستی كوردستان، چونكە ئێمە شەهیدی شەڕی داعشمان هەیە، شەهیدی هاووڵاتییان و كیمیابارانمان هەیە، شەهیدی سەنگەر و ئەنفالمان هەیە بەركەوتەی چەكی كیمیاییمان هەیە، منداڵی ونبوو و كەسوكاری كیمیابارانمان هەیە، ئەمە لە هیچ بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی كوردستان و عێراق نییە، بەڵام تا ئێستە كاروباری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە شوقەیەك بەڕێوە دەچێت.

ئەی چۆن كاروباری هاووڵاتییەكی نەخۆشی بەركەوتەی چەكی كیمیایی ڕایی دەكرێ‌؟

كارەكان زۆرن، دەبێت ئێمە لێرە نووسراویان بۆ بكەین و ڕەوانەی سلێمانی بكەین، ئەو هاووڵاتییە بە كۆمەڵێك ئازارەوە دەچێت بۆ سلێمانی تا كارەكانی تەواو بكرێ‌، بۆیە ئێمە زۆرجار دەستبردن بۆ هەندێك كار پەشیمانمان دەكاتەوە تا لەوسەری شەرمەزار نەبین.



وشە - رامیار جەواد